باسی سیفەتی خوسرەوی پەروێز
لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
2 خولەک
113 بینین
هیچ کەسێ شاهی لەسەر ڕووی دونیا
بە وێنەی خوسرەو نەکردووە ئەسڵا
لە دیوانیدا بوو شکات و داد
ئەهالی دائیم بە دڵێکی شاد
پێنج ڕیز حازر بوون هەموو لە حزوور
دادی دەپرسین شاهی جەم دەستوور
ڕیزی یەکەمین دەوڵەمەندان بوون
دووەم ڕێز لات و لێکەوتووان بوون
سێیەم ڕیزیان نەخۆش بوو بیمار
چوارەم ڕیز هەموو مەزڵووم بوو هەژار
پێنجەم ڕێز عاسی و خەتاباران بوون
چاوەڕێی ئەمری شاهی جیهان بوون
دەوڵەمەند سەیری فەقیریان دەکرد
سوجدەی شوکریان بۆ خودا دەبرد
فەقیریش دەیدی نەخۆش و بیمار
شوکریان دەکرد بۆ پەروەردگار
نەخۆشیش دەیدی زوڵملێکراو
بە ناساغی خۆی ڕازی بوون تەواو
ئەوانیش سەیری عاسییان دەکرد
سوجدەی شوکریان بۆ خودا دەبرد
بارەگای خوسرەو جێی عەدل و داد بوو
بۆ هەموو عالەم دەرگای گوشاد بوو
ڕۆژی دوو دەفعە سوبح و ئێواران
لە دیوانی شاهـ دایان دەنا خوان
گۆشتی گا و ماسی و مەڕ و تەیر و توور
لەسەر خوانی بوو زۆر و بێقسوور
مەشهوورە ئەڵێن شاهی بە شەوکەت
وجودی بووبوو تووشی ڕتوبەت
ماینی بەحری زۆری هەبوو شا
وەختێ جوانویان کە دەبوو پەیدا
هەر بە شیری مەڕ پەروەردە دەکران
گۆشتیان بۆ خوسرەو لەوە دەبرژان
درووستیان کردبوو تەنوورێ لە زیو
لە زیوی قاڵی جوانی کەسنەدیو
لەو تەنوورەدا میقداری دە بار
دەسووتا عود و سەندەڵ لەجێی دار
لە جیاتی تەعام چێشتی خۆش و نان
گۆشتی جوانویان لە بۆی دەبرژان
لەسەر خوانی زێڕ بۆیان دادەنا
هەر ئەوەی دەخوارد دائیم پادشا
پاشماوەی لەگەڵ زەرف و سینی زێڕ
دەبەخشییەوە بە لات و فەقیر
هەموو ڕۆژ ئەمە خواردنی ئەو بوو
ئەو بەخشینەوە پیشەی خوسرەو بوو
خولاسە دائیم هەر بەو نەوعە خوان
دەڕازایەوە بۆ شاهـ لە دیوان