باسی فیرارکردنی خوسرەو لە دەست بەهرام

لە کتێبی:
شیرین خوسرەو
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
 7 خولەک  61 بینین
وەختێ کە خوسرەو ڕۆیشتە سەر تەخت
زۆر لای ناخۆش بوو بەهرامی بەدبەخت
فکر و ڕەئێکی یەکجار قەوی بوو
سەودای تاج و تەخت شای خوسرەوی بوو
کاغەزی نووسی بۆ ئەمیرەکان
بۆ سەرداران و بۆ وەزیرەکان
نووسی کە خوسرەو لە عیشقی شیرین
عەقڵی تێک چووە عاجزە و غەمگین
شارێک دەبەخشێ بە پێکێ شەراب
خەزنەیەک دەدا بە دەنگی ڕوباب
چۆن منداڵێ وا ببێ بە سوڵتان
دونیا لە دەستی دەبێ هەراسان
سوپا حازر کەن بە دەست و شمشیر
هەڵکوتنە سەری، زوو بیکەن زنجیر
بەم ئیدعایە بەهرامی بەدخواهـ
میللەتی هەڵساند ڕۆیشتنە سەر شاهـ
وەختێ ئەمەی بیست خوسرەوی پەروێز
لە تەخت هاتە خوار بوو سواری شەودێز
موڵکی بەجێ هێشت ڕووی کردە سەحرا
ڕۆیشت ڕۆژ و شەو بەبێ مودارا
نەوەستا هەتا گەیشتە موقان
ڕۆژێ لە سەحرا بە ئەمری یەزدان
مەشغوڵی ڕاو بوو شیرینی نازدار
ڕێی کەوتە ئەوێ شاهی تاجدار
شیرین و خوسرەو کە یەکتریان دی
لە ئەوەڵەوە یەکیان نەناسی
ناو و نیشانی لە کەنیزەکان
پرسی لە پاشان شاهیی نەوجوان
عەرزیان کرد گوتیان ئەم نازەنینە
شازادەی ئەرمەن ناوی شیرینە
خوسرەویش گوتی بزانن کە من
کوڕی هورمزم شاهی مەدائین
وەختی هەردووکیان یەکتریان ناسی
سەعاتێ مات بوون زۆر بە کەساسی
لە پاشان گوتی بە خوسرەو شیرین
ڕجام وەهایە شاهی ڕووی زەمین
قەسرێکم هەیە لەم نزیکانە
تەشریف بهێنە بۆ لای من گیانە
میوانی من بە تا بە دڵ و گیان
خزمەتت بکەم چەند ڕۆژێ قوربان
شیرین خەبەری زوو نارد بۆ ناو شار
هاتنە پێشوازی شاهـ و پیادە و سوار
جا موهین بانووش خەبەری زانی
کە وا خوسرەو شاهـ دێت بە میوانی
لە سەریانەوە کردی گوڵاوپاش
دووڕ و گەوهەری بۆ کرد بە شاباش
لە پاشان بانوو زانی بە یەقین
عاشقی یەکن خوسرەو و شیرین
زۆر ترسا بانوو غەمی کەوتە بەر
گوتی بە شیرین نازداری کیشوەر
دونیا لە شەوقی ڕووی تۆ ڕووناکە
حوسن و جەمالت لە دونیا تاکە
مەعلوومە خوسرەو عاشقی ڕووتە
بەسراوی داوی کەمەندی مووتە
یەقین بزانە پیاو حیلەکارن
لە ڕووی دونیادا یەکجار مەککارن
خوسرەو بە لوتف و شیرین زوبانی
نەخوات حەڵوای تۆ بە کامەرانی
دووچارت نەکات بە زوبانی خۆش
لە پاشا زۆر زوو دەتکا فەرامۆش
ئەگەر لە ناوی چاکە تۆ دوور بی
دەبێ بە خراپە دائیم مەشهوور بی
لە ڕووی دونیادا هەتا دەتوانی
بە حورمەت بکە، تۆ زیندەگانی
خوسرەو کە زانی پاکی تۆ ئەوسا
دێتە لام داوای تۆ لە من دەکا
ئەمەش مەعلوومە لەو کەمتر نیت تۆ
بە ڕێی چاکەدا چاوەکەم بڕۆ
هەرچەند بە خوسرەو تۆ میهربانی
من وات پێ دەڵێم جا خوت دەیزانی
بەم نەسیحەتەم گەر بکەی ڕەفتار
بە غەم و بەڵا نابی قەت دووچار
هەر چەندە عاشق پەند ناگرێتە گوێ
تکایە شیرین لامەدە لە ڕێ
وەکوو زڵێخا مەکەوە شوێن پیاو
پیاو بێوەفان و با نەبی بەدناو
شیرین ئەمەی بیست گوتی بە بانوو
منیش هەر وەها دەکەم ئارەزوو
ئەگەر شێت ببم من بۆ جەماڵی
دەستم لێ نادا غەیر بە حەڵاڵی
سوێندی زۆری خوارد شۆخی نازەنین
جا بانوو گوتی ئەی گیانی شیرین
ئیزن بە، بچۆ لە دەشت و لە شاخ
ڕاو بکەن دائیم گوستاخ بە گوستاخ
بە شەرتێ نەچی لەگەڵیا تەنیا
با لەگەڵتان بێ لەشکر و سوپا
بەیانی هەڵسا شیرینی نازدار
لەگەڵ خوسرەودا ڕۆین بۆ شکار
کەنیزەکانی جوان و دڵپەزێر
ئاسکی زۆریان کوشت وەکوو نەڕەشێر
شەو بەسەردا هات شاهی مەدائین
گوتی بە شیرین شازادەی ئەرمەن
با سبەینێ زوو سەرلەبەیانی
بەزمێ بگێڕین بە شادومانی
مەی خۆشە ئەگەر ساقی بمێنێ
ئەوەی مەی خۆرە باقی بمێنێ
شیرینی ئەرمەن گوتی بەسەر چاو
هەرچی ئەمر دەکەی وا دەکەم تەواو
وەختی ئێوارە شیرین لەگەڵ شا
بە دڵێکی خۆش لە یەک بوون جیا
سبەینێ کاتێ کە لە خەو هەڵسان
شیرین ئەمری کرد بە پاکیزەکان
لە سەحرایەکی خۆش و دڵفەزا
خێمە و بارەگای شاهییان هەڵدا
دەنگخۆشان دەستیان کرد بە گۆرانی
ساقی شەرابی گوڵڕەنگی هانی
لە عیشقی شیرین خوسرەو سەرخۆش بوو
شیرین لە خۆشی خوسرەو مەدهۆش بوو
لەپڕ لە بێشە شێرێ هاتە دەر
هەڵمەتی هێنا بۆ خێمە و چادر
غەڵبە کەوتە ناو لەشکر و سوپا
خوسرەو شێری دی هیچ نەپەشۆکا
بەبێ سیلاح و خەنجەر و شمشێر
خوسرەو ئازانە چوو بەرەو ڕووی شێر
مشتێکی توندی وای دا لە سەری
لە کونەلوتی مێشکی دەرپەڕی
خوسرەو زوو سەری شێرەکەی بڕی
هەر وەکوو کراس پێستی دادڕی
کرا بە عادت لەوساوە ئەمجا
شمشێر هەڵدەگرێ لە بەزمیشدا شا
شیریرن کاتێ دی شاهی تاجدار
بە مشت شێری کوشت وەک ئەسەفندیار
وای کرد و دەستی خوسرەوی ماچ کرد
ئەویش کوڕانە ئازا دەستوبرد
ناو دەمی ماچ کرد گوتی بە شیرین
ئوخەی ئەمەتا نەبات و هەنگوین
لەپاشان خوسرەو گوتی ئەی نازدار
کەمێ بترسە لە پەروەردگار
ڕۆحم هاتووەتە سەر لێوم بۆ تۆ
بمگرە باوەش نەونەمامی نۆ
جوابی دایەوە شیرینی دانا
گوتی زۆر عەیبە بۆ تۆ پادشا
لەم کردەوەیە لەم فکرە قوربان
گەر واز نەهێنی دەبی پەشیمان
‏لای خوت عاقڵی شاهی بەرزەجێ
کاری وا مەکە با ئابڕووم نەچێ
خوسرەو پەیدەرپەی بادەی خواردەوە
بە دەم هەناسە و ئاهی ساردەوە
عیشق و مەی هەردوو کردبووی سەرخۆش
مەمکی شیرینی گرتوبوو بێ هۆش
شیرینی ئەرمەن گوتی پێی بەقار
عەیبە وا مەکە شاهی تاجدار
خەریکی ئەوەی ئابڕووی من بەی
دەفعەیەکی تر ئیشی وا نەکەی
خوسرەو لە قسەی شیرین دڵگیر بوو
بەقین و بەقار هەڵسا زویر بوو
‏گوتی بە شیرین مەعلوومە ئەگەر
سەودای عیشقی تۆم نەکەوتایە سەر
سەرم نەدەبوو بێ ئەفسەر و تاج
لە چەرخی گەردوون من دەمسەند خەراج
شەرابت دامێ تا مەستت کردم
کە مەست بووم ئەمجا پابەستت کردم
لە ئەوڵەوە خاوەن بەخت بووم
ساحێبی سوپا و تاج و تەخت بووم
تۆ لە تەخت و تاج کردمت ئاوارە
عیشقی تۆ منی وا کرد بێچارە
ئەم قسانەی گوت شاهی تاجدار
سواری شەودێز بوو دەرپەڕی لە شار
بۆ وڵاتی ڕووم ڕۆیشت بێ ئارام
لە ترسی سوپا و لەشکری بەهرام
نەسرەوت شەو و ڕۆژ گەیشتە دەریا
بە قەیسەری ڕۆم کە خەبەریان دا
ناردییە پێشوازی هێنایانە شار
دایاننا لەسەر تەختی زەڕنیگار
لە چوونی خوسرەو دڵخۆش بوو قەیسەر
کچێکی هەبوو وەک مانگی ئەنوەر
ناوی مەریەم بوو پێی بەخشی دەرحاڵ
شایییان بۆ کرد شاهانە میسال
خولاسە لەپاش مودەتێکی کەم
بە قەیسەری گوت شاهی جەمحەشەم
لەشکرم دەوێ بچمە سەر بەهرام
هەتا بسێنم زوو لەو ئینتیقام
سانی دا قەیسەر سوپای بێ سامان
وەک سوپای جاران ڕۆستەمی دەستان
چل پەنجا هەزار عەسکەری شەڕکەر
لەگەڵ خوسرەودا ڕێیان گرتە بەر
خەبەری زانی بەهرامی بێخێر
هات بەرەو پیری خوسرەو وەکوو شێر
لە هەردوو تەرەف سوپای بێ سامان
جۆشا و خرۆشا ڕۆیشتە مەیدان
بوزورگ ئومێدیش وەکوو شێری مەست
ئوستەرلابەکەی نابووە سەر دەست
گوتی بە خوسرەو ئەم کاتە چاکە
هەڵکوتە سەریان ئامان خێرا کە
خوسرەوی پەروێز لەسەر پشتی فیل
لەگەڵ لەشکری وەکوو دەریای نیل
خۆی دا لە تپی لەشکری بەهرام
بەربووە کوشتار بە تیغی بیرام
لە خوێنی دوشمن دونیا بوو گوڵڕەنگ
ڕووی سەر زەمینیان لێ هێنان بەتەنگ
خولاسە لەپاش جەنگ و شەڕ و شۆڕ
شکا لەشکری بەهرامی پڕ زۆر
ڕایکرد بەهرامی بێفەڕی بەدبەخت
بۆ خوسرەو جێ ما سوپا و تاج و تەخت
بە حوکمی ئەوەی مەریەمی هێنا
پایەی بڵند بوو لە ئەوجی عیسا
عەیش و عیشرەتی هەرچەند بوو حاسڵ
بەڵام لەزەتی هیچ نەبوو بە دڵ
لە دووری شیرین دائیم غەمبار بوو
لە سەودای عیشق هەر لێوبەبار بوو