دەنگی تیپەکان و چۆنیەتیی بەکارهێنانیان

لە کتێبی:
نووسینی کوردی بە لاتینی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 13 خولەک  76 بینین
پەراوێز:
 
١- A a (آ) یەکەمین تیپی ئەلفوبێی کوردییە و لەجیاتی ئەلفی کراوە بە کار ئەهێنرێ، دەنگەکەشی وەک دەنگی تیپی «ا» (ئەلف)ی عەرەبییە لە وشەی «سماء»، «ماء»، «هواء»دا. هەروەها دەنگی «a» (ئەی) ئینگلیزی لە وشەی «fan/فان»، «man»دا لە کوردیشا ئەڵێیت «آ آ/aa».
 
٢- B b (بێ) لەجیاتی تیپی «ب، ـبـ، بـ» (باء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، دەنگەکەشی وەک تیپی «ب»یە لە وشەی «باب» و «محراب»ی عەرەبیدا. هەر وەک دەنگی «b»(بی)ی ئینگلیزییە لە وشەی «blue/بلوو»، «comb/کۆمب»دا. لە کوردیشا وەک ئەڵێیت «با/baba»،«ba/بابا».
 
٣- C c (جێ) لەجیاتی تیپی «جـ، ـجـ ،ج» (جیم)ی عەرەبییە لە وشەی «جار»، «حاج»دا، هەروەها دەنگەکەی وەک دەنگی «j»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «jump/جەمپ»، «jar/جار»دا. بۆ وێنە لە کوردیا ئەڵێیت «جا/ca»، «باج/bac».
 
٤- Ç ç (چێ) لەجیاتی «چـ، ـچـ، چ» (چیم) بە کار ئەهێنرێ. ئەم تیپە لە عەرەبیدا نییە، بەڵام دەنگەکەی بە تەواوی وەک دەنگی «ch»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «Church/چێرچ»، «Children/چلدرن»دا. بۆ وێنە لە کوردیدا ئەڵێیت «ça/چا».
 
٥- D d (دێ) لەجیاتی «د، ـد» (داڵ)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک «کَادَ»، «دارْ». هەروەها لەجیاتی «d»ی ئینگلیزییە لە وشەی «Door/دۆر»، «Dish/دش»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «dada/دادا»، «bada/بادا».
 
٦- E e (ئە) لەجیاتی «سەر/فتحە»ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک دەنگی «فتحە ــَ» لە وشەی «کَتَبَ/کەتەبە»، «ذَهَبَ/زەهەبە»دا. هەروەها دەنگی «e» ئینگلیزی لە وشەی «sister/سیستەر»، «maker/مێکەر»دا، دیسانەوە دەنگی «u»ی ئینگلیزی لە وشەی «cup/کەپ»، «run/ڕەن»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «bed/بەد»، «beçe/بەچە»، «bade/بادە».
 
٧- Ê ê (ئێ) لەجیاتی «ێـ، ێ» واتا «ێ»ی کراوە بە کار ئەهێنرێ وەک لە کوردییا ئەڵێیت «cê/جێ»، «ebê/ئەبێ»، «deçê/دەچێ». دەنگەکەی وەک دەنگی تیپی «e» ئینگلیزی وایە لە وشەی «get/گێت»، «set/سێت». هەروەها دەنگی «a»ی ئینگلیزی لە وشەی «mistake/میستێک»، «made/مێد»دا.
 
٨- F f (فێ) لەجیاتی «ف، فـ، ف» (فاء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک لە عەرەبیا ئەڵێیت «خَافَ»، «فاضَ». هەروەها دەنگەکەی وەک دەنگی «f»ی ئینگلیزیش وایە لە وشەی «figure/فیگەر»، «of/ئۆف»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «caf/جاف»، «def/دەف»، «fê/فێ».
 
٩- G g (گاف) ئەم تیپە لە عەرەبیدا نییە، بەڵام دەنگەکەی وەک دەنگی «g»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «game/گێیم»، «bag/باگ»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «geç/گەچ»، «beg/بەگ».
 
١٠- H h (هێ) لەجیاتی «هـ، ـهـ، ه، ـه» (هاء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک ئەڵێیت «هَاجَ/hace»، «وَهَبَ/wehebe» هەروەها دەنگی «h»ی ئینگلیزی لە وشەی «her/هەر»، «hand/هاند»دا لە کوردیشا ئەڵێیت «beha/بەها»، «ah/ئاهـ»، «ئەهـ/eh».
 
١١- Ḧ ḧ (حێ) لەجیاتی تیپی «ح، ـحـ، ح» (حاء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک ئەڵێیت «اجْحَفَ/ecḧefe»، «فاحَ/faḧe». ئەم تیپە لە ئینگلیزی و زمانە ئاریەکانی ترا نییە، لە کوردیشا ئەڵێیت «ḧec/حەج»، «ḧa/حا»، «ḧeb/حەب»
 
١٢- J j (ژێ) ئەم تیپە لە زمانی عەرەبیدا نییە، بەڵام دەنگەکەی وەک دەنگی «sure»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «measure/مێژەر»، یان دەنگی «j»ی فەرەنسی لە وشەی «journal/ژوورناڵ»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «hêja/هێژا»، «haje/هاژە»، «çêj/چێژ».
 
١٣- K k (کاف) لەجیاتی تیپی «ک، ـک، ک» (کاف)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک ئەڵێیت «کَادَ/kade». هەروەها «k»ی ئینگلیزی لە وشەی «kite/کایت»، دیسان دەنگی «c»ی ئینگلیزی لە وشەی «cup/کەپ»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «kake/کاکە»، «keç/کەچ»، «kêk/کێک».
 
١٤- L l (لامی سووک/إِلْ) ئەم تیپە لەجیاتی «لـ، ـلـ، ل» (لام)ی عەرەبیی سووک بە کار ئەهێنرێ، دەنگەکەی وەک دەنگی «ل»ی عەرەبییە لە وشەی «هَلْ/hel»، «حالْ/hal»دا. هەروەها وەک دەنگی «l»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «light/لایت»، «play/پلێی»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «kêl/کێل»، «lak/لاک»، «belek/بەلەک».
 
١٥- L̈ l̈ (لامی قەڵەو/إڵ) لەجیاتی «ڵـ، ـڵـ، ڵ»-لام المفخمة-ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، دەنگەکەی وەک دەنگی لامی عەرەبی «مفخم» وایە، لە وشەی «الله»دا. هەروەها وەک دەنگی «ll»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «ball/بۆڵ»، «call/کۆڵ»دا. ئەم تیپە لە شێوەی کوردی باکووردا نییە چونکە هەموو لامێک بە سووکی دەر ئەبڕدرێ بۆ وێنە لە کوردییا ئەڵێیت «bal̈a/باڵا»، «lal̈/لاڵ»، «bêl̈/بێڵ».
 
١٦- M m (إمْ) لەجیاتی تیپی «مـ، م» (میم)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک ئەڵێیت «مَکانْ/mekan»، هەروەها دەنگەکەی وەک دەنگی «m»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «man/مان»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «mal̈/ماڵ»، «mam/مام».
 
١٧- N n (إن) لەجیاتی تیپی «نـ، ـنـ، ن» (نوون)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، وەک ئەڵێیت «نَالَ/nale». هەروەها لەجیاتی «n»ی ئینگلیزیش بە کار ئەبرێ وەک ئەڵێیت «and/ئەند». لە کوردیشا ئەڵێیت «nan/نان»، «heng/هەنگ».
 
١٨- I i (ٲ) ئەم تیپە پێی ئەوترێ ژێری کورت. دەنگەکەی لە بەینی «ژێر» و «ی»دایە. بە هیچ جۆرێک بە تیپی عەرەبی نایەتە نووسین، بەڵام دەنگەکەی وەک دەنگی «i» ئینگلیزی وایە لە وشەی «chin/چن» «چ-ن»، «sin/سن» «س-ن»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «kil/کل»، «çile/چلە». «cejin/جەژن»، «deçim/دەچم». ئەم تیپە «i» لە سەرەتای وشە و دوایی وشەدا دەر ناکەوێ بەڵکوو هەمیشە ئەکەوێتە ناوەڕاستی وشەوە.
 
١٩- Î î (ئی) دەنگی ئەم تیپە لە دەنگی تیپی «ـیـ»ی عەرەبی ئەچێ لە وشەی «حیرة»، «سیرة»دا. هەروەها دەنگی «ea»ی ئینگلیزی لە وشەی «heat/هیت»، «cheat/چیت»دا. دیسان «ee»ی ئینگلیزی لە وشەی «green/گرین»، «see/سی»دا. بێجگە لەوەش دەنگەکەی بە تەواوەتی وەک دەنگی «i»ی فەرەنسی وایە لە وشەی «لیڤر/livre»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «çî/چی»، «bîbe/بیبە»، «cîmen/چیمەن»، «înca/ئینجا».
 
٢٠- O o (ئۆ) لەجیاتی «واوی کراوە» (ۆ) بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی «o»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «company/کۆمپانی»، «bone/بۆن»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «ئۆف/of»، «بۆژۆ/bojo»، «چۆن/çon».
 
٢١- P p (پێ) لەجیاتی تیپی «پـ، ـپـ، پ» بە کار ئەهێنرێ. ئەم تیپە لە زمانی عەرەبیدا نییە، بەڵام لە زمانی فارسی و زمانە ئەورووپایییەکاندا دەست ئەکەوێ. دەنگەکەشی وەک دەنگی «p»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «pen/پێن»، «pound/پاوەند». لە کوردیشا ئەڵێیت: «pîne/پینە»، «لەپ/lep»، «سۆپا/sopa».
 
٢٢- Q q (قێ) ئەم تیپە لەجیاتی تیپی «قـ، ـقـ، ق» (قاف)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ، لە زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانیدا نییە، بەڵام لە عەرەبی و فارسی و عیبرانیدا هەیە. دەنگەکەی وەک دەنگی «قاف/ق»ی عەرەبی وایە لە وشەی «قَال/qale»، «فَاقَ/faqe». لە کوردیشا ئەڵێیت: «بەقاڵ/beqal̈»، «قەلەباچکە/qelebaçke».
 
٢٣- R r (رێ یان رێی سووک) دەنگەکەی وەک دەنگی «r»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «curtain/کەرتێن»، «perfect/پێرفێکت»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «دەرد/derd»، «چارە/çare» ئەم تیپە لە سەرەتای هیچ وشەیەکی کوردییەوە نایەت، و ئەگەر هات ئەبێتە ڕێی قەڵەو. چونکە کورد بە ڕێی سووک دەم ناکاتەوە.
 
٢٤- R̈ r̈ (ڕێ یان ڕێی قەڵەو) دەنگەکەی وەک دەنگی تیپی «r»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «ڕاید/ride»، و تیپی «rr» لە وشەی «ئیڕیگێشن/irrigation». لە کوردیشا ئەڵێیت: «پەڕۆ/per̈o»، «بڕۆ/bir̈o»، «کەڕ/ker̈». جا لەبەر ئەوەی تیپی «r̈/r̈» لە سەرەتای هەر وشەیەکی کوردیدا بێ قەڵەوە و سووک نییە، ئیتر پێویست ناکا دوو نوختەی سەر «r̈»ەکە بمێنێ وەک «ڕۆژ»، ئاوا ئەنووسرێ «roj»، نەک وا «r̈oj». هەروەها «ڕەنگ» ئاوا ئەنووسرێ «reng»، نەک وا «r̈ang».
 
٢٥- S s (إِسْ) لەجیاتی تیپی «سـ، ـسـ، س» (سین)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی تیپی «سـ»ی عەرەبی وایە لە وشەی «سَفَرْ/sefer»، «ناس/nas»دا، لە کوردیشا ئەڵێیت «بێکەس/bêkes»، «ئاسۆ/aso».
 
٢٦- Ş ş (إشْ) لەجیاتی تیپی «شـ، ـشـ، ش» (شین)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی تیپی «ش»ی عەرەبی وایە لە وشەی «شَرَفْ/şeref»دا. هەروەها وەک دەنگی «sch»ی ئەڵەمانی لە وشەی «gesellschaft/گیزەلشافت»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «baş/باش»، «şar/شار»، «şekir/شەکر».
 
٢٧- T t (تێ) لەجیاتی تیپی «تـ، ـتـ، ت»، «تاء»ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی «ت»ی عەرەبی وایە لە وشەی «تَمامْ/temam»، و «t»ی ئینگلیزی لە وشەی «ستۆن/stone»، «هۆسپیتاڵ/hospital»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «ئیتر/îtir»، «تێر/têr»، «سەربەست/serbest».
 
٢٨- U u (ٲ) ئەم تیپە لەجیاتی «واو»ێکی زۆر کورت بە کار ئەهێنرێ و بە هیچ جۆرێک بە تیپی عەرەبی نایەتە نووسین، چونکە لە زمانی عەرەبیدا نییە، وێنە بۆ ئەمە لە کوردیدا «kurd/کورد»، «dujmin/دوژمن»، «supas/سوپاس»، «umêd/ئومێد».
 
٢٩- Û û (ئوو) ئەم تیپە لەجیاتی واوی درێژ بە کار ئەهێنرێ واتا «وو». دەنگەکەی وەک دەنگی «oo»ی ئینگلیزییە لە وشەی «spoon/سپوون»، «room/ڕووم»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «نووسین/nûsîn»، «سوور/sûr»، «کەپوو/kepû».
 
٣٠- V v (ڤێ) لەجیاتی تیپی «ڤـ، ـڤـ، ڤ» بە کار ئەهێنرێ. ئەم تیپە لە زمانی عەرەبیدا نییە، بەڵام لە زمانی فارسی و زمانە ئاریەکانی ترا هەیە. دەنگەکەی وەک دەنگی «v» ئینگلیزی وایە لە وشەی «give/گیڤ»، «violet/ڤایۆلێت»دا، هەروەها وەک «v» فەرەنسییە لە وشەی «vous/ڤوو»، «avez/ئەڤێ»دا. لە کوردیشدا ئەڵێیت: «کۆڤار/kovar»، «سوولاڤ/sûlav»، «مرۆڤ/mirov». ئەم تیپە لە کوردیی سۆرانا کەمە بەڵام لە کوردی باکوورا زۆرە، چونکە گەلێ جار تیپی «واو» لە شێوەی سۆرانا ئەبێتە «ڤ» لە شێوەی باکوورا، وەک «aw/ئاو» ئەبێتە «av/ئاڤ»، «نیو/nîw»، ئەبێتە «نیڤ/nîv».
 
٣١- W w (وێ) لەجیاتی «و» (واو)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. وەک ئەڵێیت «wadî/وادی». هەروەها دەنگەکەی وەک دەنگی «w»ی ئینگلیزییە لە وشەی «went/وێنت»، «caw/کاو»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت «ورچ/wirç»، «نەتەوە/netewe»، «کەوتن/kewtin»
 
٣٢- X x (خێ) لەجیاتی «خ، ـخـ، خ» (خاء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. ئەم تیپە لە زمانی عەرەبی و فارسی و ئەڵەمانی و ڕووسی و یۆنانیدا هەیە، بەڵام لە ئینگلیزی و فەرەنسیدا چنگ ناکەوێ. دەنگەکەی وەک دەنگی «خ»ی عەرەبی وایە لە وشەی «خَفَقَ/xefeqe»، وەک دەنگی «ch»ی ئەڵمانی وایە لە وشەی «nicht/نیخ»، «machen/مەخن»دا. یۆنانییەکانیش لەجیاتی «خ» هەر «x» دائەنێن وەک کوردی. بۆ وێنە لە کوردیدا ئەڵێیت «خەرەفاو/xerefaw»، «ئاخ/ax»، «خەفەت/xefet».
 
٣٣- Ẍ ẍ (غێ) لەجیاتی «غ، ـغـ، غ» (غین)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. لە زمانی عەرەبیدا هەیە وەک ئەڵێیت «غاب/ẍabe»، هەروەها لە فارسیشدا هەیە بەڵام لە ئینگلیزیدا ئەم تیپە چنگ ناکەوێ، لە فەرەنسیشدا جاروبار تیپی «r» وەک «غ» ئەخوێنرێتەوە وەک وشەی «le mare/لومێغ/ لومێر». ئەم تیپی «غ»ە لە زمانی تورکیدا بە تیپی «ğ» نیشانە ئەکرێ وەک ئەڵێیت «ئوغلۆ/oğlü». وێنە بۆ ئەم تیپە لە کوردیدا: «ẍar/غار»، «liẍaw/لغاو»، «leẍem/لەغەم»، «nasaẍ/ناساغ».
 
٣٤- Y y (یێ) لەجیاتی «یـ، ـیـ، ی» (یاء)ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی تیپی «ی»ی عەرەبی وایە لە وشەی «یَقُولُ/yeqûlû»دا. هەروەها وەک «y»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «yellow/یەلۆ» و «یۆنگ/young»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «یەک/yek»، «یاری/yarî»، «کەی/key». ئەم تیپە «y/یێ» کە بە تیپی عەرەبی ئەنووسرێ، لەگەڵ تیپی «ئی»، «î» جیا ناکرێتەوە چونکە لە عەرەبیا «y» و «î» هەردووکیان هەر «ی»یان بۆ دائەنرێ وەک ئەڵێیت «چیت»، «یار». کەچی بە لاتینی ئەنووسرێ «çît»، «yar». هەروەها وشەی «yarî/یاری» یەکەم تیپی «y»یە و دوا تیپی «î»یە، کەچی کە بە تیپی عەرەبی ئەنووسرێ بۆ هەردووکیان هەر «یـ، ی» دائەنرێ.
 
٣٥- Z z (زێ) لەجیاتی «زاء»ی عەرەبی بە کار ئەهێنرێ. دەنگەکەی وەک دەنگی «ز»ی عەرەبی وایە لە وشەی «زَانَ/zane»، دیسان وەک «z»ی ئینگلیزی وایە لە وشەی «zinc/زینک»، «lazy/لێزی»دا. لە کوردیشا ئەڵێیت: «زاخ/zax»، «بارزان/barzan»، «قاقەز/qaqez»، «مەزن/mezin».