باسی لەشکربردنی زۆراب بۆ سەر ئێران
لە کتێبی:
ڕۆستەم و زۆراب
بەرهەمی:
کەمالی (1886-1974)
3 خولەک
102 بینین
زۆرابی دانا شێری هونەروەر
زرێ و خوفتانی دەر حاڵ کردە بەر
لەگەڵ چوار ئایین خودە و تاسکڵاو
هەڵی گرت ئەسباب و تیغی میسری ساو
برایەکی بوو تەمینەی بێعەیب
زوبانی لاڵ بوو لە کارخانەی غەیب
تەمینە وتی برا گیان ئامان
دەخیل سەد دەخیل دەستم بە دامان
لەگەڵ زۆرابا بچۆ بۆ ئێران
بۆ جەنگ و جیدال لە عەرسەی مەیدان
ئەگەر ڕۆستەم و زۆراب لە مەیدان
کەوتنە شەڕەوە یەقین برا گیان
ڕۆستەم لەم کوڕەی نازانێ خەبەر
مەبادا بیکوژێ لە مەیدانی شەڕ
ئەگەر فایەق بێ ڕۆستەمی دەستان
زۆرابی نازدار ئەکوژێ لە مەیدان
لازمە ئاگادار بی برادەر
زۆراب لە ڕۆستەم نەبینێ زەرەر
ئەمەی وت لەشکر ڕۆیشت بۆ ئێران
بۆ شەڕ و دەعوا و جەنگی دلێران
گەیشتنە دەریا کەشتی کەوتە ئاو
خەبەریان زوو برد بۆ ئەفراسیاو
کە زۆراب ناوێ وا بەبێ درەنگ
هاتووە بۆ ئێران بۆ شەڕ و بۆ جەنگ
هێشتا منداڵە نادیدەساڵە
مەیلی بە شەڕ و گورز و گۆپاڵە
ئەگەر لەگەڵ ڕۆستەم ببن ئاشکار
ڕووی هەموو دنیا ئەکەن یەختەسار
وەختێ ئەمەی بیست پادشای توران
ئەمری کرد دەر حاڵ حازر بوو هومان
وتی بە گەنجوور خەزنە و ماڵی زۆر
لەگەڵ ئەسلەحەی جەنگ و شەڕ و شۆر
لەگەڵ چەند ئەسپی خاسەی شاهانە
بۆ زۆراب ببە لە جبەخانە
ئەزانم هومان هەر خۆت ئەزانی
لەگەڵ دلێران مەردانی گیانی
کارێ بکە تۆ بە عەقڵ و تەدبیر
ڕۆستەم زەلیل کات بە پەیکانی تیر
بەڵکوو زوو ڕۆستەم بکا ئەو فەنا
نەجات بین لە دەست ڕۆستەمی گومڕا
دەخیل و ئەمان زنیهار سەد زینهار
ڕۆستەم لە زۆراب نەبێ ئاگادار
بەڵکوو خوا بکا ڕۆستەم بێ غەمناک
بە دەستی کوڕی خۆی ببێ هەلاک
هومان زوو هەڵسا لە خدمەتی شا
کەوتە کارسازی لەشکر و سوپا
هەرچی شاهـ وتی هێنایە ئەنجام
لەشکر حازر بوو تەکمیل و تەمام
سوپا ڕایی بوو ڕووی کردە سەحرا
ڕۆییشتن هەتا گەیشتنە دەریا
کاتێ نزیک بوون سوپا دیاری دا
عەرزیان کرد وتیان: شێری بێ هاوتا
وا هات لە ڕێوە سوپای بێ سامان
نازانین هینی تورکە یا ئێران
ئەمری کرد وتی: بزانن خەبەر
لە کوێوە هاتووە سوپاهـ و لەشکر
کە لە پێشەوە، پەیدا بوو هومان
بە عەقڵ و تەدبیر گەوهەر شناسان
دابەزین سوپا لە زین بە یەکجار
هاتنە خزمەتی زۆرابی ناودار
خەڵاتی شاهی و دانەی دڵپەسەند
دایانە خزمەت شێری ئەرجومەند
وتی پاڵەوان! شێری بەرزەجا!
ئێمەی ناردووە ئەفراسیاب شا
کە لە خزمەتتا بۆ هەموو خەبەر
وەکوو خزمەتکار ببەستین کەمەر
خێڵی کەیانی گەلێ فێڵبازن
لەسەر ڕووی زەمین بۆ حیلە شازن
ئێمە شارەزای ڕێگای ئێرانین
ئاگاداری حاڵ گشت دلێرانین
مەعلوومە ڕۆستەم کە بە دەستی تۆ
زۆر بە ئاسانی ئەبێ ڕەنجەڕۆ
دلێرانی تر وجوودیان چییە
لە مەیدانی تۆ هیچ حەدیان نییە
ئەگەر بە ئێمە ڕوخسەت دەی قوربان
ئێران و تووران زوو ئەکەین وێران
خولاسە سوپای تورکان بێ درەنگ
ڕایی بوون لە ڕێ بۆ شەڕ و بۆ جەنگ
سێ ڕۆژ و سێ شەو ڕۆیین بە یەلغار
هەتا گەیشتنە لای سپی حەسار
لە پاش ئیسراحەت خواردنی تەعام
هەڵساوە ئەمجا زۆرابی پڕ فام
هەجیر ناو کوڕی گودەرز ناوێ بوو
لەسەر قەڵاکە دایم حەرەس بوو
لەسەر فرمانی گودەرزی کەشواد
لەو قەڵایەدا دانیشتبوو شاد