سەرنجێکی سەرپێیی لە هێندێ بیروڕای چەوت

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 6 خولەک  65 بینین
بەرلەوەی باس لە دروستکردنی زمانی ئەدەبیی کوردی بکەم، دەمەوێ ئەوە بخەمە بەرچاو کە هێندێ کەس هەن دەڵێن گوایە با واز لە شێوەکانی کوردی بهێنین، هەر یەکە بۆ خۆی پێی بنووسرێتەوە و پێی بخوێنرێتەوە و ئیتر پێویست بە زمانێکی ئەدەبیی یەکگرتوو ناکا. ئەم بیرە لەنێو کورددا بۆ یەکەم جار عیسمەت شەریف هانیە پێشەوە. ئەمەش لە ئەنجامی هەستێکی تەسکوتروسکی ناوچەپەرستانەی ووردە بۆرجوازییانەوە سەریان کێشایە دەرەوە. جا لەبەر ئەوەی عیسمەت شەریف خۆی هیچ جۆرە شێوەیەکی کوردی نازانێ، هەرەوەها لە هیچ زانستگە و ئامۆژگایەک تیپێک زمانەوانیی نەخوێندووە؛ دیارە قسەکانی جێی بایەخ نین و لەسەرڕۆیشتنی هەر کات بەفیڕۆدانە. تەنیا ئەوە نەبێ کە بڵێم: پێویستە هەموو کوردێک کە بە تەنگ پاشەڕۆژی زمان و نەتەوەکەیەوە دێ؛ بە هەموو هێزێکیەوە بەربەرەکانێی ئەم بیرە زرکە پووچەڵە بکا کە لە خزمەتی دوژمنانی کورد و داگیرکەرانی وڵاتەکەی بەو لاوە، خزمەتی هیچ جۆرە ئامانجێکی دی ناکا.
 
هەرەوەها ئەو ڕایەی دوکتۆر کەمال فوئادیش بە ڕاست نازانم کە دەڵێ «لە دوو شێوەی کرمانجیی ژووروو و کرمانجیی نێوەڕاست (یا کرمانجیی ڕۆژهەڵات و کرمانجیی ڕۆژاوا)؛ یەکێکیان بکەینە شێوەی ئەدەبی و واز لەوی دییان بهێنین». ئەو شێوەیەی کە دەکرێتە شێوەی ئەدەبی؛ بە قسەی ئەو، دەبێ ئەوەیان بێ (کە فێربوونی هاسان بێ و زۆر شتی پێ نووسرابێتەوە).
 
جارێ ئەگەر مەسەلەکە مەسەلەی گرانی و هاسانی بێ؛ ئەوا هەردوو شێوەکە لای گرانیان تێدایە و لای هاسانیشیان تێدایە. هێندێ دەستووری ڕێزمان هەن؛ لەم لا گرانن و لەو لا هاسانن و پێچەوانەش بە پێچەوانە. خۆ ئەگەر مەسەلەش ئەوە بێ؛ بە کام لا زۆرتر نووسراوە، ئەوە هەڵبژێرین؛ ئەوا بە هەر دوو لا شت وەک یەک نووسراوە. هەر دوو لاش نووسەر و هۆنەری بەرز و نزمیان تێدا هەڵکەوتووە. لەبەر ئەوە هەڵبژاردنی شێوەیەکی ئەدەبی لەسەر ئەو بنچینانەی ئەو باسی کردووە، بۆ زمانی کوردی دەست نادا. چونکە ئەمەش لە ئەنجامدا هەر ڕێی سەپاندنی شێوەیەکە بەسەر خەڵکیدا کە وەک باسمان کرد ئەو ڕێیە بۆ کورد سەر ناگرێ.
 
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم قسەیەکیش لەبارەی ئەوانەوە بکەم کە بەرامبەر زمانی ئەدەبیی کوردی بیروڕایەکی نەختێک بەرچاوتەنگانە پێشان دەدەن. پوختەی ئەمەش ئەوەیە: نابێ هیچ نووسین و پڕۆگرامێکی ڕادوێ بە زراراوای بادینان یا زاراوایەکی دی ببێ، بێجگە لە زاروای سلەیمانی کە ئەمڕۆ بۆ نووسین تا ئەندازەیەک لە عێراقدا —ئەویش نەک لە لایەن هەموو کوردێکەوە— پێڕەوی دەکرێ. بۆ وێنە: کاک محمەممەدی مەلا کەریم لە شوێنێکدا نووسیبووی، گوایە «پاش شۆڕشی چواردەی تەمووز و هەر لە بەرەبەیانی شۆڕشەوە، هەندێ لە ڕۆشنبیرە نیشتمانپەرەورەکانی کورد کە دەستیان لە ئێسگەی کوردیی بەغدادا هەبوو، بە نیازێکی پاک کەوتنە هەڵەیەکەوە. ئەرکی ئەو هەڵەیە پاشان بە گران لەسەر نەتەوەی کورد تەواو بوو. ئەو هەڵەیە نووسین و بڵاوکردنەوە بوو بە شێوەی کرمانجیی سەروو کە ناوی لێ نراوە (بادینانی) ... لە چواردەی تەمووزەوە ئێسگەی کوردیی بەغدا لە ڕاستیدا بووە بە دوو ئێسگەی سۆرانی و بادینانی... هتد».
 
هەرچەندە پێم وایە ئەم «هەڵە»یە هەڵەی «هەندێ لە ڕۆشنبیرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد» نەبوو کە «بە نیازێکی پاک» تێی کەوتبن، بەڵکو دانانی «پرۆگرامی بادینانی» لە ڕادوێی بەغدا بەپێی نەخشەیەکی سیاسیی تایبەتی بوو، دارودەستەی قاسم بە پشتیوانیی هێندێ کوردی هەلپەرست هێنایانە کایەوە و لەگەڵ ئەوشدا کە ئەم بیروڕایەی کاک محەممەد شتێکی تازە کوورەیە و ڕای ئەو ڕۆژەی ئەوسای نەبوو کە خۆی یەکێک بوو لەوانەی لە ڕادوێوە قسەیان دەکرد و لە وێستگەدا دەستیان دەڕۆیشت... هێشتا بەش بە حاڵی خۆم، ئەوە بە هەڵە نازانم، پیاو لە ڕادوێدا، ڕۆژی بۆ ماوەیەک بە زاراوای ناوچەکان قسە بکات؛ بە تایبەتی بۆ ئەوانەی نەخوێندەوارن. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا؛ نەک تەنیا لە ڕادوێدا، بەڵکو لەسەر شانۆش بە زاراوای ناوچەیی قسە دەکرێ و کەسیش ترسی ئەوەی لێ نەنیشتووە بەوە زمانە ئەدەبییەکی لە دەست بچێ. مرۆڤی وت و وریا و تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر و بەتەنگەوەهاتووش ئەوەیە بزانێ چۆن کەڵک لە نەخشەی ماڵوێرانکەرانەی دوژمنەکانی وەردەگرێ بۆ خزمەتی ئامانجەکانی گەلەکەی خۆی. بۆ وێنە: ئەگەر هاتوو دوژمن بە نیازی دووبەرەکی و سێ بەرەکی نانەوە، یا لەتوپەتکردنی زمانەکەت؛ پرۆگرامی بە چەند زاراوایەکی ناوچەیی سەپاند بەسەرتا، تۆ دەبێ هەوڵ بدەیت، بوونی ئەو زاراوانە لە ڕادوێدا بۆ بڵاوکردنەوە و خزمەتکردنی زمانە ئەدەبییەکەت بە کار بهێنیت، بە تایبەتی لەو ناوچانەدا کە بەو زاراوانە قسە دەکرێن، نەک ئەوەی ئەو کاتە هیچت نەکردبێت و پاش ١٥ ساڵ؛ لە بەکارهێنانی زاراوایەکی تایبەتی ترست لێ بنیشێ و ئوباڵەکەی بنێیتە ملی «ڕۆشنبیری نیشتمانپەروەر». ڕۆشنبیری ڕاست نابێتە کوتەکی دەستی دیکتاتۆر و زۆردار.