سەرنجێکی پێویست

لە کتێبی:
زمانی یەکگرتووی کوردی
بەرهەمی:
جەمال نەبەز (1933-2018)
 7 خولەک  119 بینین
تێکۆشان بۆ هێنانە بەرهەمی زمانێکی یەکگرتووی وا، کە کوردی هەموو لایەکی کوردستان و جیهان، بێ گوێدانە جیاوازیی شێوەی قسەکردنیان، تێی بگەن و پێی بخوێننەوە و پێی بنووسن، ئاواتێکی کۆنی ڕۆشنبیرانی کورد بووە. ئەوەتا نیشتمانپەروەری کورد؛ حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٩٦/٧) لە سەدەی ڕابردوودا، داخ و خەفەتی بۆ ئەم پاشاگەردانێی زمانە خواردووە و گوتوویەتی:
«لەفزی کوردی بڵاو نەبوو، گرد بوو
وا لە مابەینی ئێمەدا تێکچوو»
لەوساکەوە و هەتا ئێستەش، کەم و زۆر؛ لە گۆڤار و ڕۆژنامە و نووسراوی کوردیدا، باسی یەکگرتنی ئەم شێوانە هاتووەتە پێشەوە؛ بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، تا ئێستە هیچ جۆرە هەوڵێکی ڕێکوپێکی زانستانە بۆ گەیشتنە ئەم ئامانجە لە هیچ لایەکەوە نەدراوە. ئۆباڵی بەشێکی ئەم ئاژاوەی زمانە بە ئەستۆی ئەو حاڵەیە کە کورد تێیدا دەژی و گوناهی بەشێکی دیشی بە ئەستۆی ڕۆشنبیرانی کورد خۆیانە، کە لەم ڕووەوە تا ئەمڕۆ بەردێکیان نەناوەتە سەر بەردێک. جا ئەگەر تا ئێستە بەڵگەی ئەوانەی بڕوبیانوو دێننەوە بۆ کارنەکردن ئەوە بووبێ کە ڕۆشنبیرانی کورد ماوە و سەربەستیی بەرهەمهێنانیان نەبووە، ئەوا لە ئێستە بە دوواوە، ئەو بیانووەش نەماوە. کورد -نامە خوا- بە تایبەتی لە عێراقدا، گەلێک داوودەزگای زمانەوانی و هونەروەری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و خوێندەواریی هەیە و ئەگەر کاربەدەستانی ئەم ڕێکخراوانە بیانەوێ لەسەر بنچینەیەکی زانستانە و بۆ خزمەتی ئەم ئامانجە؛ لەگەڵ یەکدا دڵسۆژانە هاوکاری بکەن؛ ئەوا دەکارن (دەتوانن) لەم مەیدانەدا هەنگاوێکی فراوان بنێن و لەوانەشە بەردی بناخەی زمانی یەکگرتووی کوردی لە جێی ڕاستەقینەی خۆیدا دابنێن. نووسەری ئەم چەند لاپەڕەیە، وەک زمانەوانێکی کورد، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ بەرامبەر ئەو ئەرکەی کەوتووەتە سەر شانی. لەبەر ئەوە ناتوانێ بێ لایەن بوەستێ لە ئاستی ئەو کەینوبەینانەدا کە لە دژی زمانی نەتەوەکەمان دەکرێ؛ لەژێر پەردەی دڵسۆژیی ڕواڵەت و شارەزایی درۆزنە و جرتوفرت و چاوبەستدا. بۆیە بە پێویستی دەزانێ؛ هێندێ لەو زانیارییانەی کە لە ماوەی بیست و دوو ساڵ خەریکبوونیدا بە زمانی کوردییەوە کۆی کردوونەتەوە، چ لە کاتێکدا کە لە کوردستان ژیاوە و چ لە کاتێکدا کە لە زانستگەکانی ئەورووپادا خوێندوویەتی و دەرزی تێدا وتوونەتەوە پێشکەش بە هاووڵاتییەکانی بکا، بۆ سەرنج لێدان و لێکۆڵینەوە و کردنی بە بنچینەیەک بۆ دەمەتەقە لەسەر کردن. نووسەر خۆی زۆر بە بەختیار دەزانێ کە وا نێزیکەی دە ساڵ زیاترە لە وڵاتێکدا دەژی کە بە هەزاران کرێکار و خوێندکاری هەموو لایەکی کوردستان ڕووی تێ دەکەن. هەر لە کرمانج و هەورامی و موکری و زازاوە بگرە، تا دەگاتە لەک و فەیلی و سۆرانی و کرماشانی و گەرمیانی و سنەیی. بەتایبەتی؛ دەرز ووتنەوەی بە هێندێک لەم کرێکار و خوێندکارانە و تۆمارکردن و سەرنجدان و لێکۆڵینەوەی شێوەی جۆرجۆری قسەکردنیان و بەستنی ئەو زمانەوانییە زانستانەیەی لە زانستگەکاندا فێری بووە، بە تاقیکردنەوەی ڕۆژانەیەوە، ئاسۆیەکی وا فراوانی بۆ کردووەتەوە کە دوور نییە تا ئێستە بۆ هیچ کوردێکی دی و هیچ بێگانەیەک نەکرابێتەوە. لەبەر ئەوە بە پێویستی دەزانێ چەند نامیلکەیەک لەبارەی «کوردەوانی» یەوە بڵاو بکاتەوە بە نیازی خزمەتی زمان و کولتووری گەلەکەمان. هەرچەندە ئەم نامیلکەیە نەدەبوو ببێتە پێشڕەوەی زنجیرەیەکی وەک «کوردەوانی»، بەڵکوو دەبوو جارێ هێنێک زانیاری لە بارەی شوێنی زمانی کوردییەوە لە خێزانی زمانە ئێرانییەکان و هیندۆجەرمەنییەکاندا نیشان بدرێ و خۆماڵەکانی زمانی کوردی بە گشتی و شێوەکانی بە تایبەتی، لە چوارچێوەیەکی فراوانتر و باسێکی قووڵتردا بخرێنە بەرچاو؛ بەڵام لەبەر ئەوەی زمانەکەمان ئەمڕۆ بە دەورێکی زۆر نازکدا تێ دەپڕێ و مەسەلەی زمانی یەکگرتووی کوردی؛ مەسەلەیەکی یەکجار گرنگە کە نابێ دووا بخرێ، بۆیە ئەم باسە پێش ئەوانی دی خرا. نووسەر هیوای وایە کە ڕۆشنبیرانی کورد، سا سەر بە هەر لا و دەستە و بەرە و کۆمەڵە و بیروباوڕێک دەبن با ببن؛ هاوکاریی لەگەڵدا بکەن و بەرهەمی لیکۆڵینەوەکانی لە سنوورێکی پان و چاوتێرانەدا بڵاو بکەنەوە و بەوە کەرەستەی دەمەتەقەیەکی گەرم لەم بارەیەوە بێننە کایەوە. ئیتر دەست لە دەست و هێز لە گەل و پشتگیریش لە ئێزدانی زانای مەزن.
 
پەراوێز: ئەم سەرەتایەم لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٧٤دا نووسیووە؛ واتا کاتێک کە لە نووسینەوەی نامیلکەکە بوومەتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ؛ هەر چەند ڕۆژێک دووای تەواوکردنی، لەسەر داخوازی کۆنە ئاشنایەکم کە دوکتۆری زمانی کوردییە و ئەو دەمە سەرۆکی دەزگایەکی گەورەی ڕۆشنبیری یانەش بوو لە بەغدا، ناردمە ئەوێ تا لە چاپی بدا و بڵاوی بکاتەوە. هۆی ناردنەکەشی، لە بنەڕەتەوە ئەوە بوو کە چاپکردنی ئەم نامیلکەیەم لە ئەورووپا بە ڕاست نەزانی. چونکە جارێ نامیلکەکە بە کوردی نووسراوە و بۆ کورد نووسراوە، لەبەر ئەوە دەبوو هەر لە عێراق چاپ بکرێ و هەر لەوێش بڵاو بکرێتەوە. دووایی چاپکردنی ئەم جۆرە شتانە لێرە، بە ئەرکێکی فرە زۆر و پارەیەکی یەکجار مۆڵ تەواو دەبێ کە لە ووزەی من و «یەکێتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا» بەدەرە. هەرچی چۆنێک بوو ئەو ئاشنایە -بێ چاوێنی بێ- نە کتێبەکەی چاپ کرد بۆم و نە دەستنووسەکەی ناردەوە بۆم و نە وەرامی چوار پێنج نامەی تۆمارکراوی یەک لە دووای یەکی دامەوە. کە خێرەومەندێکیش ڕۆژێکیان چووبووە لای و داوای دەستنووسەکەی لێ کردبوو تا سەرپەرشتیی چاپەکەی بکات، نەیدابوویە. جا پاش ئەوەی ئەم ماوە دوور و درێژەی بەسەردا تێپەڕ بوو، نامیلکەکەش خەریک بوو هەر بە جارێ گۆڕی وون ببێ، بڕیارم دا بە هەر زەحمەت و بەختکارییەک دەبێ، سەرەڕای هەموو پڕکاری و دەستنەپەرژاوییەکیش، نامیلکەکە لێرە چاپ بکەم. لەبەر ئەوە ناچار بووم جارێکی دی، سەرلەنوێ، پارچە کاغەزە شڕەکان بە یەکەوە بنێمەوە و نامیلکەکە بە دەستی خۆم بۆ چاپخانەی ئۆفسێت بنووسمەوە. جا لەبەر ئەوەی تایپڕایتەری کوردی و کوردیی لاتینی دەست ناکەون، هاتم بە تایپڕایتەری فارسی و ئەڵمانی تایپم کرد و بەتەواوی چوکڵە و نیشانەکانم بە دەستی خۆم بۆ تەواو کرد. ڕێکخستنەوە و نووسینەوە و ئامادەکردنی نامیلکەکە بۆ چاپ ٦٤٨ سەعات کاتی تێ چوو؛ کە بێگومان ئەم کاتە لەو چەند سەعاتە کەمەی شەوم دزیوە کە دەشیا تێیدا بحەوێمەوە، پاش زەحمەت و کار و شەکەتیی ڕۆژ، یا بە کارم بهێنایە بۆ خزمەتێکی باشتر لە نووسینەوە و تایپکردن کە ئەوەندە هونەر نوواندن و وەستایییان پێویست نییە. ئەوەی شایانی باسە ئەوەیە؛ ئەم جارە هێندێ شتی نوێم خستە سەر دەستنووسە کۆنەکە؛ بە تایبەتی چونکە هێندێ لاپەڕەی فەوتابوو و دەبوو سەرلەنوێ بیاننووسمەوە، بەڵام لەبەر گرانیی بێ ئەندازەی ئەرکی چاپخانە، نەمانتوانی لە ٦٠٠ دانەی پتر لێ چاپ بکەین. ئێستەش خۆم زۆر بە بەختیار دەزانم کە توانیم ئەم بەرهەمە -کە بەداخەوە دوو ساڵ پاش تەواوکردنی دەچێتە ژێر چاپ- سەرەڕای هەموو بەرهەڵست و درۆ لەگەڵ کردن و تەفرەدان و دەستی دەستی پێ کردنێک، بەم شێوە جوانە ڕازاوەیە پێشکەش بە ڕۆشنبیرانی تێکۆشەری گەلەکەم بکەم و دڵنیاشم لەوەی؛ ئەگەر پیاو بێ ووچان و پشوودان، بەرەو ئامانجی خۆی هەنگاو بنێ و دانیش بە خۆیدا بگرێ و پشتی سارد نەبێتەوە، ئەوا کاتێک دێ؛ تەمی شەوەزەنگ دەڕەوێتەوە و دیسانەوە ڕۆژ هەڵدێتەوە و ئەوجا با «مام کەڵەشێر»یش منەتی «قووقاندنی» تێدا نەبووبێ. ١٢/٢/١٩٧٦