لەگەڵ هۆزا مەبن خوودار و دووڕوو
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
205 بینین
لەگەڵ هۆزا مەبن خوودار و دووڕوو
بکێشن بۆ هەموو ئیشێ تەرازوو
بڕێژن ئاوی چاو و ڕەونەقی ڕوو
بنێژن گوڵشەنی هۆش و دەمودوو
هەڵستە ئەی گەلی کوردی خەواڵوو
لە ڕۆژی ژین، هەموو گەر بێنە کوشتن
بە مەردی، نەک، حەیا قەترێکە ڕشتن
زمان و دڵ بکەن خاوێن، بە شووشتن
گران بکڕن یەکیی و، پیسی فرۆشتن
ڕەوانی قووت بدەن قازانج و پاروو
سەری بەرز و، دڵی خاوێن سوپەر بێ
ڕەوشت و بەرگی شادیتان لەبەر بێ
دوو چاوی نیشتمان، ڕەوشەن نەزەر بێ
پڕی سەربەستیی و جەژن و هونەر بێ
نەبینێ شێخ و مێخ و سیحر و جادوو
سولەیمان، گەر ئەڵێن کاری بەقاش بوو
خودا دابووی، هەموو ئیشی بەلاش بوو
بە عەقڵ و هۆش و ئازایی و تەلاش بوو
لە چەوتیی دوور و، سەربەستی وەڵاش بوو
جەماتی مەردیی و عیلمی لەلا بوو
گزنگی ڕۆژی کۆمەڵ، کەوتە کێوان
مەترسن قەت لە شەیتان و لە دێوان
بنۆشن بادەیی خۆشی بە لێوان
بە کردە و مەشق و هەڵکێشان و پێوان
بە گیان پەروەردەکەن منداڵ و زاروو
جەماوەرکەن، کە کارێکتان لە پێشە
بە تەدبیر بیخەنە کار، بیر و تێشە
ڕەگی ژین بێ میانە، هەر بە هێشە
سەروکاری هەموو شت، کێشە کێشە
شتی ڕەق ڕەق بنێنە بن پەراسوو
بە زانین، سەنعەت و فەن ئاوەدانە
کلیلی دەرگەیی شادی و ژیانە
تەماشای دڵبەر و باخی گوڵانە
هەموو دەم، ڕۆژو مانگت پاسەوانە
وەرن ڕاجیناسناوی ئەدەبی بدەن باوەش، لە بانوو