دەروون پڕ دەرد و، ئاهم گەرمە ئیمڕۆ
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
202 بینین
دەروون پڕ دەرد و، ئاهم گەرمە ئیمڕۆ
جگەر برژاوە، «تا» یاوەرمە ئیمڕۆ
هیلاکی هاتوچۆی دەرگەی حەبیبەم
لە بێدادی، حەیا، پێم شەرمە ئیمڕۆ
سەری سووک هەڵبڕە، پڕ بێنە جامێ
کە دەردی بادەیی ئەحمەڕمە ئیمڕۆ
لە سووڕانا، بەچەی زەنگین خەت و خاڵ
خەیاڵی من سوپای سۆجەرمە ئیمڕۆ
هەوارم کۆنە بوو، دڕکی ڕواندن
ئەمیش باعیس بە مووی دڵبەرمە ئیمڕۆ
کە ڕاوەستا بە شۆخی، یاری ڕەعنا
وتم: ئەی دڵ بڕۆ، مەحشەرمە ئیمڕۆ
بەدایع سەنعەت و غەمزەی دڵ ئەنداز
لە کونجی سینەدا میحوەرمە ئیمڕۆ
لەبەر غەمزەت، کەوانی ئەبرووانت
کەمینی دوژمنی سەر سەرمە ئیمڕۆ
چلۆن ڕاجیناسناوی ئەدەبی، نەبم غەرقی هەلاکەت؟
فەلەک زڕبابە، غەم مادەرمە ئیمڕۆ