سەر لەدوو یاران ئەکێشم، بەم دڵ و جەرگی ڕزیو
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
190 بینین
سەر لەدوو یاران ئەکێشم، بەم دڵ و جەرگی ڕزیو
ئەیکەمە شیرازەیی هۆزی بەزیو و دابەزیو
هەر گەلێک، هات و لەگەڵ خزمی نەفامی تێکقژا
چارەیی ناکا لە ژین، فێڵ و سیلاح و زێڕ و زیو
ئاگری مەرگی گەلی کوردانە، هەر دانامرێ
وەک ڕقی ئەسفەندیار و، ڕۆستەم و زۆراب و گیو
ڕۆژ و شەو ئەگریم لە تاوی قەومی بێ پێشچوونی خۆم
وا لە دەرگەی دوژمن و بێگانەدا، بوونە هەتیو
من هەناسەم بۆتە غازی موخنیق و، ئاهم تفەنگ
دڵ لەسەر ئەو لەشکر و ئاقارە، وەک بۆمبا تەقیو
تا نەبوومە جەربەزە و، باری غەمی تۆم هەڵنەڕشت
نەمدەزانی ئەی وەتەن، بۆ خەڵکە دۆخینت بەزیو
وەک حوبارا هەر دەسووڕێم، ناگەمە هێللانەکەم
جێ هەواری پارە چۆڵ و، خانەیی بەختم تەپیو
خۆت بناسە ئەی گەلی ئاوارە، بێ شوێن و ڕەوشت
چاو لە دەس بێگانەکان و، دڵ بە خوێنخۆریت جمیو
سافە پشکۆناسناوی ئەدەبی جیسمی پاکی، سەر بە پێ یەک ڕەنگییە
ڕۆژ و شەو سووتانە کاری بۆ گەل و، کوورەی دەفیو