ڕۆحم لە بەرابەر نیگەهت بادەمە ئیمشەو
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
198 بینین
ڕۆحم لە بەرابەر نیگەهت بادەمە ئیمشەو
گەر سەرفی بکەم ماڵ و دڵ و دین کەمە ئیمشەو
هاتوویە تەنیشتم، بە هەموو نەشئە و شۆخیت
بڕوانە لە هەر لاوە، ڕەقیبم خەمە ئیمشەو
ئەی سەروی بڵند قەدد و لەتافەت لەبی دڵجۆت
هەرچەندە لە خزمەت بکەوم، هەر کەمە ئیمشەو
دووری منی دڵ خەستە لە دیدەت، کە دەمێ بوو
هەر قەدر و بەراتی منە، بۆ عالەمە ئیمشەو
هەڵمەستە، بە چاوی بەڵەکت مەجلیسی زەوقە
مەستی و تەرەب و جیلوە، هەموو هەمدەمە ئیمشەو
قەیدی چییە! هەر عادەتی جانانە نیازە
گەرچی لە دڵت خۆشە، کزەی ئەم دەمە ئیمشەو
تا ئێستە لە سەر دڵ، سەری داغی ئەلەمت بوو
ئێستاکە لە سایەی چەمەنت جیلوەمە ئیمشەو
شایانە، دڵم ئێستە لە تەندا کە نەگونجێ
بۆ ئەو کە لەسەر خەڵق، ویساڵت زەمە ئیمشەو
دەرد و ئەلەم و قەسوەت و گریان و جەفا چوو
ڕاجیناسناوی ئەدەبی بکە شوکرانە، سەفای سینەمە ئیمشەو