سەربەسەر ئەمشەو دەناڵم، پایەماڵ و دڵشکاو

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  217 بینین
سەربەسەر ئەمشەو دەناڵم، پایەماڵ و دڵشکاو
وا بەتاو ڕۆحم دەگریێ، خوێنی ئاڵم دێ لە چاو
دوو برۆی دڵبەر، بە تەڕدی من کە شیربازی دەکەن
با بگریەم تا قیامەت، هەی لە خۆم جەرگی بڕاو
ئاگرێکم کەوتە دڵ، تا ڕۆژی مەحشەر دایسێ
بەشکە ڕۆژی مەحشەریش، هەر وەک جەهەننەم دێ بەتاو
گەر دەزانی بۆ دەڕێژم خوێنی جەرگم، بەم شەوە؟
تینووە باخی خەیاڵم، پێی دەوێ جانا! شەواو
جێگەیێکی تەنگە دڵ، تاریکە، بێ سوود و تەماع
بێیە سەیریشی دەبینی، عالەمێکی تێ خزاو
تێلی زوڵفت وەک تەلیفۆن، وا لە پێت ئاڵاوە سا
چاکە هەر بۆ مەرحەبا، جار جارە بێمە سەر هەلاو
ئەی سوپاسالاری دڵداری، لە دەستی عیشقتا
عەرز و حاڵی من، هەتا قافی بەقا نابێ تەواو
بۆچی وا بێ ئیلتیفاتی، ئەی نەمامی تازەبەر
وا لە ڕێی تۆدا، هەمووم دانا کەماڵ و نەنگ و ناو
کاری ڕاجیناسناوی ئەدەبی گەر دەزانی بۆچی پەرتی عالەمە؟
وا لە ڕووی تۆدا دەسووتێ، غالییە و موشک و گوڵاو