چەمەن هەموو گەشانەوە، لە ڕەنگ و ڕووی بەهارەوە
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
220 بینین
چەمەن هەموو گەشانەوە، لە ڕەنگ و ڕووی بەهارەوە
گیان بە تەن بەشانەوە، لە گەشتی سەوزەزارەوە
هەوا هەناسە بەر ئەدا، هەناوە سیلی دەرئەدا
سەما بەسەر سوپەر ئەدا، ئەستێرە دێنە خوارەوە
داد و تەرازوو کۆ ئەکا، گەنجینەیی ژین ڕۆ ئەکا
جەماتی مەی مەکۆ ئەکا، لە چاوی پڕ خومارەوە
کەمەر ئەبەستێ خونچەدەم، لەسەر ئەوەستێ پێچ و خەم
لە پەرچەم ئاو ئەداتە چەم، بە عەرعەر و چنارەوە
دەمی گوڵان پژاو ئەبێ، تەمی دڵان بڵاو ئەبێ
مەمی چڵان لە چاو ئەبێ، بە لێوی شیرەخوارەوە
وەنەوشە دەستی شلیەتی، دەسماڵی شین لە ملیەتی
بە چاوی هۆز کلیەتی، بە گیانی ئاو و دارەوە
بە ڕوویی بادە ڕەنگەوە، بە خونچە لێوی تەنگەوە
بە دوو مەمی قەشەنگەوە، چوومە کەناری یارەوە
یاری چی؟! شاهی دڵبەرە، گیانەبەخش و سەروەرە
ژیانی هۆزی بێ دەرە، لە تەونی ئیشوکارەوە
سازندە چەرخی نۆیەمین، گەلی گەیاندە نرخی ژین
ئاوازی بەرزی «هەر بژین»، وا کەوتە دەشت و شارەوە
پەردەی، سەحەر هەڵدایەوە، بووکی وەتەن ڕازایەوە
کۆمەڵ بە خۆشی مایەوە، بە بەختی پایەدارەوە
زوهرە بە ڕوویی موشتەری، بە چاکە هاتە یاوەری
بە کوردی دا پەیامبەری، لە ڕۆژی کارزارەوە
ئارەقی نێوچەوانمە، هومێدی جاویدانمە
تکایی کوردستانمە، بە یاوەر و هەژارەوە
ژاوەی هوزار و قومرییە، کەژاوەی بووکی چەورییە
هیچ کەس لەگەڵ دووڕوو نییە، بە جەرگی پارەپارەوە
زانین پەرستە هۆزەکەم، لەسەر هەوای نەورۆزەکەم
جەژنی هەموان پیرۆز ئەکەم، بە سۆزی دڵ وەبارەوە
ڕاجیناسناوی ئەدەبی و دڵی پشکۆناسناوی ئەدەبییەتی، قازانجی گەل بۆ خۆیەتی
بادەی لە هەشت و نۆیەتی، بە ئەشکی سەد هەزارەوە