بولبول لە شکۆفەی گوڵەکەت، جەژنی حەڵاڵە
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
228 بینین
بولبول لە شکۆفەی گوڵەکەت، جەژنی حەڵاڵە
بۆ چەهچەهە و خوێندنی، گوڵ گوێگر و لاڵە
مەشقی هەوەس و مەستییە، لەو چەنبەری زوڵفە
غەیری تەرەب و جیلوە، هەموو ئیشی بەتاڵە
ئەو وەختە گەیشتم، کە بە خزمەت گوڵ و بولبول
زانیم دڵەکەی سەرکەشم، ئەو ساتە لە ماڵە
گیانم، بەخودا، هاتە هەوا و بەزمی مەحەببەت
فەرمووی: بە لیقا خۆش ببە، وەربگرە حەواڵە
گەر سۆسەن و نەسرینە، ئەگەر نێرگسی شەهلا
یادی نەفەسی بادی سەبا و خۆشیی ساڵە
بۆنێکە لە ڕۆژانی ویسالی دڵ و دڵدار
گەر عەنبەری سارایە، وەگەر سونبولی کاڵە
چۆن نایەتە بەر شوعلەیی ئەنواری هیدایەت؟
گەر حەزرەتی ئەسکەندەر و، گەر ڕۆستەمی زاڵە
جانا! لە فیراقت بە خودا تەنگە دڵی من
گەر شەککەر و هەنگوینە، لەناو زارمە تاڵە
ڕاجیناسناوی ئەدەبی لە هەموو ڕێوە، مەگەر عوزری قبووڵە
بۆ تۆقەیی جەژنانە، خوا شاهیدی حاڵە!