ئامە! بۆ جەرگت بڕیوم و هەڵگوشیوم، ئامەکە؟

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  234 بینین
ئامە! بۆ جەرگت بڕیوم و هەڵگوشیوم، ئامەکە؟
ئامە! بۆ گیان و دڵ و بیرت دزیوم، ئامەکە؟
پێم بڵێ سا کەی بچێژم تام و بۆنە خۆشەکەت؟
کەی ئەنیشێ پێم بڵێ، هۆشی فڕیوم، ئامەکە؟
چاوە تیرەندازەکەت، وا بۆتە موقناتیسی ڕۆح
کارەبات خستۆتە جەرگی ڕاهەژیوم، ئامەکە
لوولی زوڵفت خستە مل زەوقی خەیاڵ و بیری من
وا وەکوو میوەی بڵ و پێکداتەپیوم، ئامەکە
ڕەنگی ئاڵی ڕوومەتت، تێکەڵ برووسکە و تارییە
ڕیوەڵە و، ڕووزەرد و، لێوقرچاو، هەتیوم، ئامەکە
تو خودا، بۆچی لە باسی ماچەکانت نادوێی؟
سۆزی ڕووت پەردەی حەیا و شەرمی دڕیوم، ئامەکە
سەر، بە گێژی ماتەم و سەوداتە وا ئەخولێتەوە
وەک ڕەوەز، بورکان زەدەی ڕووتم، خزیوم، ئامەکە
زوڵفی ڕەشمارت کە گەستی لاملی وەک زەردەبێت
من بە ژەهر و زامی گەستەی داڕزیوم، ئامەکە
تێر نەبووم لەو باوەش و بۆنەت، چریکاندی وەڵات
شێت و هار بووم، تازە ئیتر تێپەڕیوم، ئامەکە
وردە خاڵت کردە تەمغەی مەرگ و بێ هۆشیم و دڵ
تۆ بە مۆری شا سەر و ماڵت کڕیوم، ئامەکە
کوشتمی ئەو سوورە بەندە، ئەو گوڵەی ناسک بەدەن
ڕەحمی پێم دادێ هەموو دیو و نەدیوم، ئامەکە
سیس و لاوازی خەمی ڕووتم، جەفاخوردەی زەمان
وەک گوڵی باخت لە داخت هەڵوەریم، ئامەکە
هەروەکوو ژیکۆناسناوی ئەدەبی بەرامبەر وردە زوڵف و، خاڵ و خەت
بۆ هەموو دەرد و بەڵای عیشقت چەقیوم، ئامەکە!