ئەوەی من پێم دەوێ ساقی! پیاڵەی مەی نییە، کووبە

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  199 بینین
ئەوەی من پێم دەوێ ساقی! پیاڵەی مەی نییە، کووبە
ئەوەی تۆ پێم ئەدەی باتمان نییە، مسقاڵە یا ڕووبە
لە خاکی مەیکەدەی تۆدا، سەری شادیمە ئەنوێنم
موسڵمان نی، مەسیحی تۆ، مەسیحییش گەر نەبی، جوو بە
بتێکی وا لەسەر شانت، بە ناوی زوڵف داناوە
کەنیشتەی مالم و مریەم، پڕی غەوغا و ئاشووبە
تەماشای زەردەڵووی سینەت دەکەم، یا قۆخی بەر گەردن
ئەتۆش سەرخۆشی خاڵی، هەر خەریکی ئاڵوباڵوو بە
دڵم هاتە خەیاڵی وەسڵی چاوی کاڵی ئەو شۆخە
وتم: بۆچی ئەوەستی تۆ؟ لە ڕێگەی شێریا ڕوو بە
تەماشاکردنی کوڵمەت، دڵی عالەم ئەپشکوێنێ
بە دوو زوڵفت، نەسیمی جەننەتولمەئوایی دوو ڕوو بە
بە ناز ئێوارە تێپەڕبووی، کتوپڕ سینەمت پرواند
بە چاوی تۆ فەریکم، سا خەریکی داس و داسوو بە
چ باکم دوژمن و فێڵە، چ باکم عالەم و لۆمە؟
کە من هەر شێت و بێهۆش بم، ئەتۆش هەر ناز و جادوو بە
کە بڕیارێک نەدا دیدەت، لە خەودا بێم و بتنۆشم
نەوێرم بێمە باوەشتا، بەمن چی؟ هەر خەواڵوو بە
جەفاکاری دوو عالەم هەر ئەتۆی و، تۆو وەفاداریی
شەهەنشاهی سەر و بەخت و، ئیرادە و دەست و بازوو بە
کە پشکۆناسناوی ئەدەبی بەختی ناپشکوێ، لە لێوی ئەو دڵارامە
خەڵووزێکە، لەبەر چاوی نیگاران بۆتە ئوعجووبە