کوردستان! تا کەی لە داخت، خەت خەت و پۆڕینە بم

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  100 بینین
کوردستان! تا کەی لە داخت، خەت خەت و پۆڕینە بم
وەک چەماوت چەم لە چاوو، وەک چیات نەخشینە بم
وەک بەهارت شێت و هار و، چەشنی زستان ئەشکبار
پایزە پڕ شینەبم، هاوینە گەرمە و شینە بم
خۆم لە بیر خۆم چوومەوە، سەودایی ڕووتم، پێم بڵێ:
کوولەکە شیرینە بم، یا کۆڵەکە زێڕینە بم؟!
من لە نێوان لوتف و قەهرت مامەوە، بەم وامەوە
کۆترە نوورینە بم، یا کۆتەرە نارینە بم؟!
تا بە دەستی خەڵکەوە، پێچاتەوە زامانی کوڵ
لێمگەڕێ پێ چینەبم، تێچینە بم، لێ چینە بم
تاجی ئەڵماس و گوهەر تۆ ناتە سەر دوژمن، ئەبێ
نۆکەرە ڕەنجینەبم، یا جۆکەرە گەنجینە بم!
ناتەوم گەر باش و گەر بەد، ژیرە کوڕ بم یا خوڵام
توتنە بەنگینە بم، یا گوڵشەنە ڕەنگینە بم!
دامرم چاکە، وەکو کوورەی خەڵووزی شاخەکان
پێڕەوی ماکینە بم، دارینە، یا بەردینە بم!
بوویە میراتێک، چ عورف و شەرع و قانوونی نەبوو
ژینی ئەم ئایینە بم، پەرژینی ئەو لادینە بم!
بۆچ لە بیرت چۆتەوە شاخ تاشیی و، تووشم ئەکەی؟
کینە بم، موڵکینەبم، خۆڵینەبم، کۆڵینەبم!
باوک و دایکم بووی، هەموو خوشک و برامت دانە خەڵک
نیم خاڵی بۆ مناڵێ، مامی یا خاڵی نەبم!
تازە پێم ناسێندرێ، پێشم سپێرن سوێندی پیس
پاڵەیی هۆزینە بم، یا ماڵەیی تۆزینە بم!
لازمت گێڕا لەسەر باسک و دڵم، بۆ دوژمنت
بۆ پێڵاو پەل پینە بم، یا بۆ پڵاو پەڵپینە بم!
چارەڕەش خۆم و براکانم، لە تاموبۆی ژیان
قەت نەبوو خرسی نەبم، برسی نەبم، پڕ سینە بم!