لە تەنگیی دڵی بیمارە، شێوانی کاری گەل

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  224 بینین
لە تەنگیی دڵی بیمارە، شێوانی کاری گەل
بە داخی جگەر داخداخە، سارا و شاخ و کەل
بەکارم نەدی جێگە و ڕەز و باغ و باغەوان
لە سیرۆچکەوە خنکام، میوەی لق و سەرپەل
نە ئاوی ژیانم پێ گەیشت و نە نانی مەرگ
وشک بوومەوە بێ ئاو و نان و، لە خۆمم چەل
نە کوڵمەی گوڵی هۆزم ئەپشکوت، نە هەڵوەری
نە سۆزی وڵاتم هاتە جونبوش، نە دەخل و خەل
هەموو کان و گەنجم کەوتە دەست خەڵک و تێپەڕی
نەکەس دێتە هاوارم، نە دەمکا خەفەت پەل پەل
ڕەش و ڕووت و بێ شوێن و هەوارم، خوڵابڕاو
کە ڕەنجاو و بێ قازانج و مایەم، چلە و خەرتەل
نە باوکم بەکارهات و، نە عەقڵ و نە هێرشم
بەجێ مام لەسەر مەیدانی پێویست و قاچم شەل
هەتا کاکی خۆم خۆی کاتە مامم، عەدوم بە خاڵ
بە سەد بیروڕا چارەم نییە و قورعەمە پیرقەل
خەتای خۆمە بێنازم، کە بازم بە کوندەبوو
فرۆشت و، ئەویشم وەرنەگرت و، لە مل ما تەل
مەتەڵخانەکەم هەڵنایەنێ، کورک و هێلکئاوێژ
لە خۆوەش کە هەڵ بێ، بۆ پشیلە و سەگان و قەل
بڵێ کاکە ژیکۆناسناوی ئەدەبی! سا هەتا ماوی بێ ماوە
هەڵە و گوفتی بێ مەعنا، هەتا دێتە دەستت هەل