دەست لە مل ئەی ڕەقیب، هەستە بچین بۆ دەرەک

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 1 خولەک  243 بینین
دەست لە مل ئەی ڕەقیب، هەستە بچین بۆ دەرەک
سوودی نەبوو دوژمنیی، تالیعی پۆشی فەلەک
وەختی تەرەب سەربەسەر، من سەقەر و ئەو غەزال
وەختی ئەدەب دەر نەزەر، ئەو کەبک و تۆ دەڵەک
ئەی لە دوو عالەم جەوان، هەر تۆیی وا پڕ کەماڵ
هەستە لەسەر تەجرەبە، من زەهەب و تۆ مەحەک
بەحری سروشکم کە هات، مەوج ئەدا خوێنی گەش
مەردوومی چاوم ئەچێ، ڕاست و چەپی، وەک کەڵەک
تالیبی دیداری تۆم، گێژە سەرم بۆ ویساڵ
هێندە گەڕاوم لە دووت، توڕڕەیی گیان بۆتە حەک
دڵ بە هومێدی لەبت، هات و لە خۆی کرد خەراب
خانەیی زوهد و ڕیا، کەوتە خەفەت تەک بە تەک
عەقڵ و خەزانی خەیاڵ، هەر یەکە خۆش گەنج بوون
ئاقیبەتی دامە تۆ، سەد بە سەد و، لەک بە لەک
بادە بخۆ عاشقا، شەکوە لە مەستی مەکە
جەوهەرە بۆ تیغی عیشق، تک بە تک و، یەک بە یەک
شەوقی جەماڵی بەدیع، بیدعەتی ئینسان و جین
ڕاجیناسناوی ئەدەبی و غیلمان و حوور، عاریف و موڵک و مەلەک