دڵ لە سایەی زوڵف و خاڵت، بۆتە خەزنەی دەرد و داغ

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  156 بینین
دڵ لە سایەی زوڵف و خاڵت، بۆتە خەزنەی دەرد و داغ
هەر خەیاڵی خۆی ئەباتە سەر گوڵی ڕووت وەک نەساغ
چاووچڕ کوێر بوو، لە چەرخی عیشوەتا چاوچڕکەمە
چاوی دڵ باڵاتە، بەسمە بۆ عیبەر یەک چاوی ساغ
نێرگسی زەرد و سپیم، فەرمانی دڵتەنگیم ئەدا
تا کراسی گوڵ، بەشارەت هەڵئەکا بۆ پیر وەجاغ
چەند لە بیری خۆشی تۆدا، ڕایپەڕاندم بیرەخەو
یەعنی سەربەستە دڵم، وەک قامەتی سەروت لە باغ
عیشقی تۆ مەیخانەمە، هەر سۆز و سازێکم هەبێ
هەردوو قۆناغم بەوی ئەبڕم، لە سێ، ئەکڕم وەتاغ
سەیری ئەم غەوغایە کە، چەند بێ بەرە، بێ بەندەرە
عیشق نوورە، دڵبەرە، زەوقە، بەهەشتی بێ قەپاغ
دیمەنی تۆ بوو، بە سەرمەستی لە خۆی دوور خستمەوە
خۆم نقووم کرد، مەوجی ئەم دەریایە خستمییە قەراغ
شێخ ئەڵێ: ئەم عالەمە بێ شوێن و ڕێیە و شوێنەوار
خاڵە شێخ! بۆچی لە من وا تەنگە نابینم فەراغ؟
سەر لە دوو پێت ڕائەکێشم، تا بەکامی خۆم ئەگەم
با لە تێکەڵکێشی وەسڵت، پڕ بکەم مێشک و دەماغ
ماچی ژێر تاقی برۆت گەر سوننەتە، فەرزی منە
تەرکی ناکەم مەیکەشیی، بمکێشیە کوورەی قاوەجاغ
شیرنە تامی دەمت، ئەسکەنجەبینی هۆشمە
بۆ مەزەی لێوانتە، ئەم سووتە بیرەم پڕ لە جاغ
هەر وەکوو کەشک، ئاوەسوو بووم و، مناڵیش بوومەوە
قووتی خاڵی ئەرغەوانم، نەک لە چینەی پیرە زاغ
تاکوو ڕاوەی ڕووم هەبێ، پەقلاو و شیرم بۆچییە؟!
تا کەبابی دڵ هەبێ، ناخۆم پڵاو و یاپراغ
تا لە نازی لێوی تۆ تێر بم، لە شاران ناگەڕێم
قامەتی شلکت، خەمی پشتێن شلانی گربداغ
کەس عیلاجی دەردمی پێ ناکرێ، بێجگە لە خۆت
هەر ئەتۆی بۆ من شیفا و خۆشی و بەهەشت و باغ و ڕاغ
نیوەشەو، هات و بە شەوبۆیی کە زیندوو بوومەوە
ڕۆژهەڵات، ژیکۆناسناوی ئەدەبی، چراغ پێ بوو، کوژاندییەوە چراغ