گوڵ و نێرگز، لە دڵ وا بوونە لالووت
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
237 بینین
گوڵ و نێرگز، لە دڵ وا بوونە لالووت
دڵیش وەک جانەوەر، لەم لانە نەبزووت
دەمی قووچاند و، خونچەش هەر خەمی خوارد
کە بولبول هەڵفڕی، جا لێوی پشکووت
لەناو شاری جوانان، گەرمە بازاڕ
بە دڵسووتاو و سەودای کفن و تابووت
لەسەر پۆپی درەختی شاخی کوردان
هەڵاوەسران، هەزار هاڕووت و ماڕووت
کە ڕۆژ لووتی لە لوتکەی کێوەکان دا
بە ڕووزەردی هەڵات و، پێی هەڵەنگووت
مەجەس کاری نەما، ئاری لە کوێ مرد؟!
هەتیوی وا کراون پووت و پەڕپووت!
ئەبێ کێ بێ، ڕەقیبی ئەم هەژارە؟
کەمەندیکەی، بە هێزی دەست و بازووت
ئەگەر دڵبەر تەبایی کا، لەگەڵ دڵ
ئەکەن هەر لەشکری پڕ چەک، بە نابووت
نە ڕۆژ هەڵ کا چرای چاوی حەسوودان
نە شەو بگرێ پەنای دووڕووی ئەدەب، ڕووت
چ ئەشکەوتێکە من تێیدا ستار بم؟!
چ بەختێکە لەگەڵ یارم ببم جووت؟!
بە یەکجاری لە هیوا بەش بڕاو بووم
کە خاڵێکی خیانەت کەوتە سەر ڕووت
کە تۆ بێگانە دەستی لێ وەشاندی
ئەمن شێت بووم و دەستی خۆم لە تۆ شووت
بەسە ژیکۆناسناوی ئەدەبی، لە هەر جۆرە خەیاتی
خەباتت هەر جوان کرد و جلی سووت!