بۆچی ناپرسی لە حاڵی عاشقی میسکینەکەت؟

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  271 بینین
بۆچی ناپرسی لە حاڵی عاشقی میسکینەکەت؟
کەوتووە، بێکەس دەناڵێنێ، ئیتر غەمگینەکەت
زار و هاواری شەو و ڕۆژی، سەمای داگرتووە
گەهـ دەسووتێ، گەهـ دەسووڕێ، بۆ چرای ڕەنگینەکەت
بولبولێکم، ناڵەناڵم عالەمێ بێزار ئەکا
کوا حەبیبا، باخی خونچە و سونبول و نەسرینەکەت؟
مەیپەرستێکم لە خانەی عیشقەوە ناگرم قەرار
تێکە، بۆم دانێ هەدییەی پەنجەکەی زیوینەکەت
شاهیدی خاڵ و خەتت ئیقرارییان داوە کە تۆ
دەمکوژی هەردەم بە تاری پەرچەمی چین چینەکەت
لەعلی لێوت کەی دەکا شیرین، مەزاقی ڕۆحی من؟
وا گەیشتە فالی سەروەت، چاوی تالیع بینەکەت
لەحزەیێ دەستم نەگەییە باخی شمشاد و هەنار
هەر تەرەف دەورەی ئەسووڕێم، مانیعە پەرژینەکەت
مەرحەمەت ناکەی کە جارێ بێمە مەنزەرگاهی ڕووت
یا بەسیتە، کەس قبووڵ ناکا ڕوخی ئایینەکەت
سەرزەدەی جامی خەراباتم، لە سایەی عیشقەوە
بورجی نەسخی ڕۆژی عەقڵە، کۆمەڵەی پەروینەکەت
ڕێم نییە، بێمە کەناری جەننەتی تابانی تۆ
چەند تەلیسم و سیحرە وا پۆشیوییە گەنجینەکەت
ڕاجیاناسناوی ئەدەبی، ئاوی حەیاتت هەر لە لێوی دڵبەرە
هەستە خێرا بە قومێ فڕکە، نەسووتێ سینەکەت!