تێکەڵ بە خاکم ئەکەم، فرمێسکی هیوا تەڵەب
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
245 بینین
تێکەڵ بە خاکم ئەکەم، فرمێسکی هیوا تەڵەب
تا سەوز و سوور و شین کا، گوڵیش بپشکون جەڵەب
ڕەحمەت ببارێ بەسەر باخ و ڕەز و مێرخوزار
دونیا درەوش بخاتە هەموو لا بە ڕۆژ و شەب
چاو هەڵبڕێ گەل هەموو، بە لێوی پڕ پێکەنین
قاپیی لە خۆی دابخا، خەزێنەداری غەزەب
خێوەت بە خێوەت بڕۆن، لیژەن بە لیژەن بکەن
مەبەست کاردروستی بێ، لەڕێی پەروەردە و ئەدەب
کەس نالەباری نەوێ، کەس ناهەقی هەر نەکا
هەر کەس ڕەوا کا بە خۆی، ڕەوشتی شیرین مەزەب
چەند خۆشە بێ پرسیار، بدەی هەموو کەس وەڵام
لەگەڵ نیگاران کەوی، دوورە بەڵا و نەکەب
هەرچی بووە بێ ڕەزا، نەبێ لە خەڵکی قەزا
چەوت و چەوێڕ ڕاست ئەبن، گوڵ دێنە سەر زار و لەب
هەرچی قسەی لێ بکەی، بە نیسبەتێک تێکەڵاو
ببڕە ڕەگی ناحەزی، لە دەنگ و ڕەنگ و نەسەب
بەهەشتی کێوان وەکوو زەمانی زەردەشتەکەت
بژیێنەوە بۆ گەلت، هەنار و سێو و عەنەب
خاوێن بشۆوە دڵت، بگێڕە کار و مشوور
وەکوو «سکەندەر» بڕۆ، سەبەب بخە دوای سەبەب
کە هێزی باوەڕ هەبێ، بۆچیتە ئاتۆم و تۆپ؟
بەشەر کە زۆڵ دەرنەچێ، هەر خۆی ئەبێ مونتەخەب
سەبا بەگورجی وەرە، بڵاو کەوە بۆنی خۆش
بە تۆ گەش ئەبێتەوە، باخاتی کورد و عەرەب
گەر ئەتەوێ سەرکەوی، دەست کە بە گیرفانتا
بەخێو کە ڕووت و هەژار، لەناوبە لۆمە و لەقەب
ژیکۆناسناوی ئەدەبی لە چاوی دڵان، جێ لەق بووە چاوەکەم
چونکە کوڵاوە لە هەق، دڕاوە گرتوویە تەب!