غەم و خۆشی دەزانی چۆنە؟ هەر ئەم دێت و ئەو ئەڕوا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
300 بینین
غەم و خۆشی دەزانی چۆنە؟ هەر ئەم دێت و ئەو ئەڕوا
بەڵێ دەوری زەمانە، لاغر ئەمرێت و قەڵەو ئەڕوا
دەماغی من بە دایم پڕ لە بیر و شۆڕشی یارە
کە ساتێ بێ ئەوی نابم، جەهەننەم دێت و خەو ئەڕوا
بە عەکسی دەهرە تەبیاتی، بە ئەگریجە و ڕووخی ساقی
بە حوکمی دەستی قودرەت، دائیما ڕۆژ دێت و شەو ئەڕوا
دەنی تەبعن ئەوانەی وا خەرقەبارن بۆ ڕیابازی
وەکوو داوی ویساڵی یارە، بوم ئەگرێت و کەو ئەڕوا
عەجەب ماوم کە دڵبەر عادەتی خۆی وایە، یا قەستە
بە ئاهەنگی حودی نایا، بە وەحشی لاجەڵەو ئەڕوا!
گەلێ ئەمڕۆ لە یارم عاجزم، بۆچی؟ کە نازانێ
سەر و ماڵم لە من تاڵانییە، ئەمما لە ئەو ئەڕوا
ئەمن باوەڕ بە ڕاجیناسناوی ئەدەبی گەر بکەم، هەر هەقمە، یا نەیکەم
کە یاری قادیرە ئەمما، لەسەر گفت و شنەو ئەڕوا