سەحەر پەردەی لە ڕوو هەڵدایەوە، تا دیدە ڕەوشەن کا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
2 خولەک
248 بینین
سەحەر پەردەی لە ڕوو هەڵدایەوە، تا دیدە ڕەوشەن کا
دڵی پڕ ئارەزووی ئێمە، بە ملیۆن ئارەزوو بەن کا
شەقامی هاتوچۆی ڕۆژێ، بە ڕۆژانەی خەیاڵی خاو
ئەوا هەر بێ موهەندیس مایەوە، با هەر خەتێ چەن کا
لە کۆکردەی سەمادا، ڕێگەیێکی ڕاست ناکێشرێ
لە دونیا تا قیامەت، گەر هەموو فێڵێک لە دەربەن کا
وەکوو هێزی تەشی، تا بای نەدا دەستێک و لاڕانێک
خوری ناکا بە ڕیس و نایەوێ فەبریکە تەن تەن کا
هەوای ڕاگرتووە، تاکوو نەسیمی زوڵفی دەنگێوێ
خەتای کوڵمەی چییە گەر دڵ سەری مەستی لە گوڵشەن کا؟!
خەتای کێیە؟ تەرازووی کار لەنگە و، لینگە دەستاڕە
ئەلیدرەم لۆکە، سا کەی هاوتای گورزی تەهەمتەن کا؟!
بەڵێ، باشە لەگەڵ خەڵکی ئەگەر پێوانە سەربگرێ
لەگەڵ سووکا، گران کەی هات، دەسی کێشان لە گەردەن کا؟!
بە تەئریخی جەهەندەم تێ نەماوم بۆ بەشەر، بەڵکوو
لە ئاشیلکەی بەهەشتا، کێ هەیە خەروا لە تێچەن کا؟
خەیاڵی میوەجاتێکە، پەلاماری هەموو کارێ
لە بێکاری چ دێ؟ با هەر کەسێ نەوسی بە با شەن کا
غەریبم، تازە هاتووم، عارە، شەرمە، ئێستە نابزوێم
ئەگەر سەودایی ڕووتی و برسیەتیشم، سەر لە دیمەن کا
لە گریە و ناڵە وا تۆفان هەڵستا و مێرگ و ڕەز شین بوون
بە ناوی چی دەچێ ژیکۆناسناوی ئەدەبی، سەری سۆزی لە چیمەن کا؟!