کەسێک بۆ نیشتمان، دڵ موبتەلا کا

لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
 2 خولەک  280 بینین
کەسێک بۆ نیشتمان، دڵ موبتەلا کا
دەبێ خۆی تووشی سۆزی کارەبا کا
خەریکی مەرگ و ژین بێ، تا هەناسەی
تەڕ و وشکی، لە گیانی مەرحەبا کا
تەرازوو بێ هەموو کار و مرازی
ترازاوی هەموو چەسپ و تەبا کا
تەبایی کا لەگەڵ هۆز و عەشیرەت
برینی بێکەسی و شۆخی دەوا کا
فڕ و فێڵی حەسوودانی لەناو با
گرینگی خاک و هۆزی پڕ بەها کا
لە کۆمەڵ، چەوت و چوێڕی هیچ نەهێڵێ
دڵ و چاو یەکدگیر و بێ خەتا کا
لە ناو هەر کۆمەڵێک بژیا بە ژیری
هەموو قەومێ لە ڕووی حەمد و سەنا کا
بە هیوا، باخی سەربەرزی بنێژێ
بە شادیی، هەڵگرێ بێچوو بە داکا
لە ڕووی خۆراک و بۆنخۆشی و گەمانی
گوڵ و سێو و سەروی نەشئونما کا
لە گۆشەی پاسەوانیدا بسووڕێ
لەسەر تەختی شەهی، گیانی ڕەها کا
لە دەریای کۆششیدا تا نەخنکێ
چلۆن یاقوت و گەوهەر ئاشکرا کا؟!
ئەگەر بێهێزە خۆرگەی سەرد و گەرمی
لە قاوەی هێل و، دارچینی لە چا کا
ئەگەر گیراوە چاوگەی ناو هەناوی
دەمێ سەیرانی سارا و هەوا کا
ئەگەر پەڕپووتە نووسراوی دەماغی
بە شیراز و جزووبەندی ڕەوا کا
قوڕ و قەوزەی ئەگەر تێدایە ئاوی
دەری دا، تا ژیان بڕژێ لە پاکا
ئەگەر ڕێگای چڕ و پڕ چقڵ و چاڵە
بە داس و خاکەناسی ماڵەوا کا
ئەگەر بێ ئاقڵە و، منداڵ و نافام
ملی بگرێ مەلای چاک و، ئەها کا
لەسەر زێ، گەر مەلەی هات و نەزانی
جەڕابێکی بە گورجی پڕ لە با کا
بە «تیروپشکە» ڕازی بێ لە بەشدا
بڵێ با خۆی و بەختی ئاشنا کا
ئەگەر پێویستە بژیا هەر لە خۆشی
بڵێ کۆمەڵ بکا و، پشتی لە شا کا
ئەڕووخێ گشتی بونیاد و نیهادی
ئەگەر ساتێ لە یاران خۆی جیا کا
ئەگەر بیستی، قسەی بیستی وەکوو من
ئەبێ ڕاجیناسناوی ئەدەبی بژی و، سەیری خوا کا!