ساقی لە پەردە وەستا، دەستی بە بادە دادا
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
328 بینین
ساقی لە پەردە وەستا، دەستی بە بادە دادا
موتریب بە چەنگ و بەڕبەت، بەزمی بە ڕووی سەمادا
بەینێکە بۆ ڕەقیبان، لەم دەشتەدا کەلاکم
سەد مەرحەبا لە یارم، هات و ڕەقیبی لادا
دیسان بە غەمزە وەستا، بۆ قەتڵوعامی عالەم
دەستی بە گوڵ وەنەوشەی، بۆ شین بەبەر سەبا دا
وەک تازە سەروی سەرکەش، زوڵفی بە نازی لەرزی
بەم نازکانە لەرزە، سەد عاشقی فەنا دا
ئیمڕۆ بە ئاهی سەردم، پرسیومە حاڵی چاوان
فرمێسکە دای وەڵامم، ئەم بەحرە چاری نادا
دڵبەر بە زوڵف و کاکۆڵ، دنیا دەخاتە وەی وەی
بەهـ بەهـ چلۆن لە ڕێما، ڕووی خۆی بەلای منا دا!
ڕاجیناسناوی ئەدەبی لە تۆ موبارەک، ئەم عیشقە تازە پەیدا
یا ڕەب هەوایی یاری، وەسڵت بە ئاشنادا