شەختەی قوتبی شین

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  513 بینین
با شەوت بە تەمای جریوەی کوژراوی سەری من قەت نەبێ!
با زەریات بە تەمای ئەم ماسییە خنکاوەی لەشی من قەت نەبێ!
با دەنگت بە تەمای شەقژنی سووتاوی گەرووی من قەت نەبێ!
با باڵات بە تەمای لاولاوی گرمۆڵەی سەر عەردی من نەبێت!
با قژت بە تەمای ئەم گەڵا مردووەی پەنجەی من قەت نەبێت!
من، ئێستە
من، لێرە بوومەتە چیرۆکی
ڕۆژانەی نامۆیی و هەڵوەرین!
من لێرە بوومەتە
پارچەیەک لە شەختەی قوتبی شین!