چاو

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  351 بینین
من لێرەوە چاوم لێیە: لەو چیایە
بە توولەڕێی ملەیەکدا، هێواش، هێواش
کیژێک ئەچێت بۆ ڕێواسان
من لێرەوە چاوم لێیە: لەو چیایە
دڕندەیەک هەر لە ڕێگەی ڕێواساندا
لەناو چاڵی بۆسەدایە!
من لێرەوە چاوم لێیە: وا مامزێ لەو پێدەشتە
تینوو، تینوو ڕووی کردۆتە کانیاوێ
من لێرەوە چاوم لێیە: لەو پێدەشتە
فاقە و داوێ
لە سەرەڕێی ئاسکدایە.
من لێرەوە چاوم لێیە: لەبەر دەمی ئەو گوندەدا
ئەسپێکی سپی بەستراوە
سمکۆڵان و حیلەیەتی
من لێرەوە چاوم لێیە: هەر لەژێر سکی ئەسپدا
مارێکی ڕەش بۆ پێوەدان، فیشکەیەتی
وا هەڵئەستم:
تفەنگەکەی پشت سەری خۆم دائەگرم و
بە ڕاکردن ئەگەمە بەردەمی گوند و
مار ئەکوژم و ئەسپە سپیش ئەکەمەوە و
خۆم هەڵئەدەمە سەر پشتی
ئەدەمە غار،
ئەگەمە پێدەشت و بنار
فاقەکە ئەتەقێنمەوە و
مامزەکە ڕزگار ئەکەم
هەر لە غاردام، ئەگەمە شاخ و سەرملە
ئەگەمە ڕێگەی ڕێواسان،
تەقە ئەکەم لە دڕندە و ڕاوی ئەنێم
کێژۆڵەکەیش قوتار ئەکەم
کە لەو سەریش گەڕامەوە بۆ لای ئێوە
لە پاشکۆدا: کیژ و ڕێواس و مامز و
ئەسپی سپیی خۆشەویستی ئەهێنمەوە!