ڕابوردوو لە خەونە ڕۆمانسییەکاندا

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 3 خولەک  310 بینین
یەکەم: دەموچاو
لە دەموچاوی دایکمدا: نزمە هەورێکی هەژاری، زەردەخەنەیەکی ژاکاو، کزەبایەکی بێوەژن،
دێن و دەچن.
لە دەموچاوی پاییزدا: جووتێ باڵندەی فرمێسک و
پۆلێ هەناسەی زەردباو و کۆمەڵێ گۆنەی وەریو و
مەراقی زەردە، هەڵئەفڕن.
لە بەرۆکی پاییزەوە: بۆنی تەپونم و خۆڵی
نیوەوشک و نیوەتەڕ و
بۆنی ڕەنگێکی شێدار و
بۆکڕووزی عەشقێکی تازە سووتاو دێ.
لە بەرۆکی دایکمەوە:
بۆنی ڕەشەڕێحانەکەی خەم و
بۆنی مێرگی کراسێکی ڕەشی ئاودامان و
بۆنی تەنیاییی ژوورێک و
بۆنی تیژی گوڵەشەوی مێخەکبەند دێ!
دووەم: گژەبا
لە ناکاو کە دارتووی قاچ قەوی و سەر زلی حەوشەکە
خشەخش مافووری ئەستووری خەزانی ڕائەخست.
گژەبایش لە سەرڕا بە چاوی خۆڵایی و بە بۆڵە و خوتەوە،
هەندێ جار بە دەنگی زیقن و هەندێ جار «گڕە»ەوە،
ئەهات و تەنەکەی بەتاڵی کۆڵانی تەقەتەق
لەسەر شان ئەبرد و ئەگەیشتە کەلاوەی گەڕەک و
لە خۆڵدا و لەبەردەم کولانەی قوڕینی سەگاندا،
دوو گێژی ئەخوارد و لەپێشدا، ناوقەدی ئەستوور و
دواتریش مل باریک بەرەو ژوور هەڵئەچوو،
لەگەڵ خۆی، دەفتەری دڕاو و لاپەڕەی ڕۆژنامە و مقەبای لوول ئەدا و
سەرئەکەوت بۆ سەربان، لەوێشڕا، لە پووشی زەردەڵە و
لە گەڵای سوورکەلە و پەپوولەی خڕیلەی پاییزەی ئەهێنا و
بەکۆمەڵ لە گۆشەی داڵان و لە سووچی هەیواندا،
ڕۆی ئەکرد.
ئەوساکە، حەوشەمان بۆ پیرەپاییزی ڕووتەڵەی شان کووڕی بەر سەرما چۆڵ ئەکرد!
سێهەم: مقەڵی
مقەڵیی مسینی دەسک زەرد، چوار گۆپکەی قوللەیی،
مقاشی سەر شانی و سینییەک لە ژێریا. چەند پشکۆی لاڵوپاڵ لێکەوتووی زۆر ئاڵ و هەندێکیش نیوەیان هێشتا ڕەش.
بۆشایی نێوانی دوو پشکۆی گەشاوە و بریسکەی یاقووتی:
خەیاڵی منداڵی هەڵئەفڕان بۆ دنیای پڕ سیحر و ئەفسانەی شەوانەی حیکایەت.
پشیلەی دەستەمۆی ناو ماڵیش، ڕەنگی تووک تێکەڵێ لە سپی و قاوەیی، لە ئێمە نزیکتر ئەبۆوە لە پشکۆ و مقەڵی، بە کڕی تەنیشتی تووکنی تێ ئەکرد
هەندێ جار تاڵێکی درێژی سمێڵی ئەپڕووزا و میاوێکی بۆ ئەکرد.
لە پشکۆ ئەچووینە پێشەوە، تینێکی هاڵاوی گەرمای تیژ
ڕوومەتی ئاڵ کرد، ڕوومەتی داخ کرد، بەڵام هەر دەزوولەی سەرمایەک، لە پشتتا جێ ئەما و هاتوچوی خۆی ئەکرد. لەپڕدا هێلکەیەک لەنێوان پشکۆدا
ئەتەقی و ئەڕژا و کەفێکی ئەکرد و لە نیوی زیاتری،
ئەچووە ناو خۆڵەمێش!
وا دایکم ئەمساڵیش چی جلی پارمانە هێنانیە دەرەوە،
بۆ پینەی دوو ڕەنگ و وا قاچی درێژ کرد.
وا منیش چاوەڕێم، ئەزانم ئێستاکە، پێم ئەڵێ:
«ها کوڕم دەرزییەکە! تۆ چاوت تیژترە و دەزۆکەی پێوە کە».