باب ٩

لە کتێبی:
ئینجیلی موقەدەس
بەرهەمی:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 5 خولەک  506 بینین

1) و کە ڕادەبرد پیاوێکی دی کە لە زگماکی کوێر بوو.

2) و شاگردانی وی پرسیاریان لێ کرد دەیانگوت: «ڕەببی، کێ گوناحی کردووە؟ ئەوە یان والدەینی وی کە کوێر بە وەلەد بووە؟»

3) یەسووع جوابی دا: «نە ئەوە گوناحی کردووە و نە والدەینی ویش، بەڵا هەتاکوو کاری خوڵای دە ویدا ئاشکرا ببێ.

4) بۆ من لازمە کە کاری وەی کە ئەمنی ناردووە بەجێ بێنم کە هێشتا ڕۆژە. شەو دێ وەختێکی هیچکەس ناتوانێ کار بکا.

5) وەختێکی دە دنیایدام ڕووناکایی دنیایێم.»

6) و کە ئەوەی کوتبوو، تفی لەسەر ئەرزێ کرد و قوڕی لە تفی دروست کرد و ئەو قوڕەی لەسەر چاوانی وی دانا.

7) و بە وی گوت: «بڕۆ بشۆ دە حەوزی سلوامدا»، کە بە تەرجەمەیە: ناردراو. دەنا چوو، شووشتی و هاتەوە و دیتی.

8) ئەو دەمی جیرانان و ئەوانەی کە پێشتر ئەویان دیبوو کە سواڵکەر بوو، کوتیان: «ئەرێ ئەوە هەو نییە کە ڕۆدەنیشت و سواڵی دەکرد؟»

9) هێندێک کوتیان: هەوە، ئی دیکان کوتیان: نەخێر، بەڵا وەکوو ئەویە. بۆخۆی کوتی: ئەمنم.

10) ئەو دەمی بە وییان گوت: «دەنا چاوانی تۆ چلۆن کرانەوە؟»

11) ئەو جوابی دا: «پیاوێکی کە بە وی یەسووع دەڵێن، قوڕی دروست کرد و لە چاوانی منی ماڵی و بە منی گوت: بڕۆ بۆ سلوامی و بشۆ و کە چووم و شووشتم دیتوو بووم.»

12) و بە وییان گوت: ئەو لە کوێیە؟ کوتی: نازانم.

13) ئەوەی کە پێشتر کوێر ببوو، بردیانە کن فریسیان.

14) و ئەوێ ڕۆژێ شەمۆ بوو کە یەسووع قوڕی دروست کرد و چاوانی وی کردەوە.

15) دیسان فریسییانیش پرسیان لێ کرد چلۆن دیتوو ببوو و بە ئەوانی گوت: قوڕی لەسەر چاوی من دانا و شووشتم و دەبینم.

16) ئەو دەمی هێندێک لە فریسیان کوتیان: ئەو پیاوە لە خوڵای نییە چونکە شەمۆی ڕاناگرێ. ئی دیکان کوتیان: چلۆن دەتوانێ پیاوێکی گوناحکار وەها نیشانان بکا؟ و جوێبوونەوەی لەنێو ئەوان بوو.

17) دەنا دیسان بەو کوێرەیان گوت: ئەتۆ چی دەڵێی بەحسی وی، چونکە چاوانی تۆی کردەوە؟

18) و ئەو کوتی: پێغەمبەرە. ئەو دەمی یەهوودییان باوەڕیان نەکرد دەرحەقی وی کە کوێر ببوو و دیتوو بوو هەتا والدەینی ئەو دیتووبووەیان بانگ کرد.

19) و لە وانیان پرسی دەیانگوت: «ئەرێ ئەوە کوڕی ئەنگۆیە، کە ئەنگۆ دەڵێن کە کوێر بە وەلەد بوو؟ دەنا ئەوێستا چلۆن دەبینێ؟»

20) والدەینی وی جوابیان دا و کوتیان: «دەزانین کە ئەوە کوڕی مەیە و کە کوێر بە وەلەد بوو.»

21) بەڵا چلۆن ئەوێستا دەبینێ، نازانین. یان کێ چاوانی وی کردۆتەوە ئەمە نازانین. لە خۆی بپرسن، باڵقە، با ئەو بەحسی خۆی قسان بکا.

22) والدەینی وی ئەوەیان گوت لەبەر ئەوەی کە لە یەهوودییان دەترسان، چونکە یەهوودییان ئەلان وەعدەیان کردبوو کە ئەگەر کەسێک ئەوی بە مەسیح ئیقرار بکا، لە کەنێشتی دەر بکرێ.

23) لەبەر ئەوەی والدەینی وی کوتیان کە باڵقە، لە خۆی بپرسن.

24) دەنا جاری دوویەم ئەو پیاوەی کە کوێر ببوو بانگیان کرد و بە وییان گوت: «جەلال بە خوڵای بدە، ئەمە دەزانین کە ئەو پیاوە گوناحکارە.»

25) ئەو جوابی دا: «ئەگەر گوناحکارە نازانم، یەک چت دەزانم کە کوێر بووم و ئەلان دەبینم.»

26) ئەو دەمی بە وییان گوت: «بە تۆ چی کرد؟ چلۆن چاوانی تۆی کردەوە؟»

27) جوابی بە وان دا: «ئەلان بە ئەنگۆم کوتەوە و گوێو نەگرت. بۆچی دیسان دەتانەوێ کە ببیێن؟ مەگەر ئەنگۆش دەتانەوێ کە شاگردانی وی ببن؟»

28) و جنێویان پێ دا و کوتیان: «ئەتۆ شاگردی وی بەڵا ئەمە شاگردانی مووساین.

29) ئەمە دەزانین کە خوڵا دەگەڵ مووسا قسەی کردووە، بەڵا نازانین ئەوە لە کوێیە؟»

30) ئەو پیاوە جوابی دا و بە وانی گوت: «ئادی دە وەیدا چتێکی عەجایبە کە ئەنگۆ نازانن لە کوێیە و چاوانی منی کردۆتەوە.

31) دەزانین کە خوڵا لە گوناحکاران گوێ ناگرێ، بەڵا ئەگەر کەسێک خوڵاترس ببێ و ئیرادەی وی بکا، لە وی گوێ دەگرێ.

32) لە هەوەڵی دنیایێ نەبیستراوە کە کەسێک چاوانی کوێری زگماکی کردبێتەوە.

33) ئەگەر ئەوە لە خوڵای نەبایە چتێکی نەدەتوانی بکا.»

34) جوابیان دا و بە وییان گوت: «ئەتۆ یەکجار دە گوناحاندا بە وەلەد بووی و ئەرێ ئەتۆ ئەمە تەعلیم دەدەی؟» و ئەویان دەر کرد.

35) یەسووع بیستی کە ئەویان دەر کردبوو و کە ئەوی پەیدا کرد کوتی: «ئەرێ ئەتۆ بە کوڕی ئینسانی ئیمان دێنی؟»

36) ئەو جوابی دا و کوتی: «یا ڕەب، ئەرێ کێیە کە بە وی ئیمان بێنم؟»

37) یەسووع بە وی گوت: «ئەویشت دیوە و ئەوەی کە دەگەڵ ئەتۆ قسان دەکا هەوە.»

38) و ئەو کوتی: «یا ڕەب، ئیمان دێنم و سجدەی لێ کرد.»

39) و یەسووع کوتی: «ئەمن بۆ حوکمکردنێ هاتوومە ئەو دنیایەی هەتاکوو ئەوانەی کە نابینن، ببینن و ئەوانەی کە دەبینن کوێر ببن.»

40) ئەوان لە فریسییان کە دەگەڵ ئەوی بوون ئەو چتانەیان بیست و بە وییان گوت: مەگەر ئەمەش کوێرین؟

41) یەسووع بە وانی گوت: «ئەگەر ئەنگۆ کوێر ببان، هیچ گوناحوو نەدەبوو، بەڵا ئەوێستا دەڵێن دەبینین، دەنا گوناحوو دەمێنێ.»