باب ١

لە کتێبی:
ئینجیلی موقەدەس
بەرهەمی:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 خولەک  487 بینین

1) دە هەوەڵێدا کەلەمە هەبوو، و ئەو کەلەمە لەکن خوڵای بوو، و کەلەمە خوڵا بوو.

2) ئەوە دە هەوەڵێدا لەکن خوڵای بوو.

3) هەموو چتێک بە وی بوو و بێ وی هیچ چتێک نەبوو لە وەی کە بووە.

4) دە وێدا ژیان بوو و ئەو ژیانە ڕووناکایی بەنی ئادمێ بوو.

5) و ئەو ڕووناکایییە دە تاریکاییدا ڕووناکایی دەدا و تاریکایی دە ئەوی نەگەیشت.

6) پیاوێک بوو لەلای خوڵای ناردراو، نێوی یوحەننا بوو.

7) ئەو بۆ شایەدی هات کە لەسەر ئەو ڕووناکایی شایەدی بدا، هەتاکوو هەموو بە سەبەبی وی ئیمان بێنن.

8) ئەو ئەو ڕووناکایی نەبوو، بەڵا هات کە لەسەر ڕووناکایی شایەدی بدا.

9) ئەو ڕووناکایی ڕاست کە هەر کەسێک ڕووناک دەکا، بۆ نێو دنیایی دەهات.

10) دە دنیایدا بوو، و دنیا بە وی بوو و دنیا ئەوی نەناسی.

11) بۆ کن ئی خۆی هات و ئی خۆی ئەویان قەبوڵ نەکرد.

12) بەڵا هەر کامێکی کە ئەویان قەبوڵ کرد بە وان حکماتی دا کە ببنە منداڵانی خوڵای یەعنی بە وانەی کە بە نێوی وی ئیمان بێنن.

13) ئەوانەی کە نە لە خوێن و نە لە ئیرادەی بەدەن و نە لە ئیرادەی ئینسان، بەڵا لە خوڵای بە وەلەد بوون.

14) و ئەو کەلەمە بوو بە بەدەن و مەنزڵی لەنێو مە گرت و جەلالی ویمان دی، جەلالێکی وەکوو ئی تاقانەی لە باب، پڕ لە ڕەحم و ڕاستی.

15) یوحەننا لەسەر ئەوی شایەدی دا و قیژاندی، دەیگوت: ئەوە هەو بوو کە بەحسی ویم گوت، ئەوەی کە لەدوای من دێ، لە پێش ئەمن بووە، چونکە لە من پێشتر بوو.

16) چونکە لە پڕی وی هەموومان قەبوڵمان کردووە و ڕەحم لە جێی ڕەحم.

17) چونکە شەریعەت بە مووسا درا، ڕەحم و ڕاستی بە یەسووع مەسیح بوو.

18) هیچکەس قەت خوڵای نەدیوە، کوڕی تاقانەی کە دە باوەشی بابیدایە ئەو ئەوی ئاشکرا کردووە.

19) و ئەوەیە شایەدی یوحەننا وەختێکی یەهوودییان لە ئورشەلیمی کاهینان و لیویانیان ناردە کن ئەوی کە لێی بپرسن: ئەتۆ کێی؟

20) و ئیقراری کرد و حاشای نەکرد و ئیقراری کرد، ئەمن مەسیح نیم.

21) و لێیان پرسی: «دەنا چی؟ ئەرێ ئەتۆ ئەلیاسی؟» و کوتی: «نیم.» ئەرێ ئەتۆ ئەو پێغەمبەرەی؟ و جوابی دا: نەخێر.»

22) ئەو دەمی بە وییان گوت: «ئەتۆ کێی؟ هەتاکوو جواب بدەین بە ئەوانەی کە ئەمەیان ناردووە. چی دەڵێی بەحسی خۆت؟»

23) کوتی: «ئەمن دەنگی بانگکەرێکم کە دە چۆڵیدا دەڵێ: ڕێی ڕەب ڕاست بکەن، چلۆنێکی ئەشعیا پێغەمبەر کوتی.»

24) و ناردراوان لە فریسییان بوون.

25) و لێیان پرسی و بە وییان گوت: «ئەگەر ئەتۆ مەسیح نی، و نە ئەلیاس و نە ئەو پێغەمبەر، دەنا بۆچی تەعمید دەکەی؟»

26) یوحەننا بە وان جوابی دا، دەیگوت: «ئەمن بە ئاوێ تەعمید دەکەم. لە نێوو و کەسێک ڕاوەستاوە کە ئەنگۆ نایناسن.

27) ئەوەی کە لەدوای من دێ، کە ئەمن لایق نیم کە بەندی کەوشی وی بکەمەوە.»

28) ئەو چتانە دە بەیت عەنیادا بوون، لەو لای ئوردن لە کوێ کە یوحەننا بوو و تەعمیدی دەکرد.

29) دە ڕۆژی دیدا یوحەننا یەسووعی دی کە دەهاتە کن ئەوی و کوتی: ئەوەتا بەرخی خوڵای کە گوناحی دنیایی هەڵدەگرێ.

30) ئەوەیە ئەوەی کە بەحسی وی ئەمن کوتم، لەدوای من کەسێک دێ کە لە پێش ئەمن بووە، چونکە لە من پێشتر بوو.

31) و ئەمن ئەوم نەدەناسی، بەڵا هەتاکوو بۆ ئیسرائیل ئاشکرا ببێ، لەبەر ئەوەی ئەمن هاتووم و بە ئاوێ تەعمید دەکەم.

32) و یوحەننا شایەدی دا، دەیگوت: ڕوحم دی وەکوو کۆترێک لە ئاسمانێ دەهاتە خوارێ و لەسەر ئەوی گیر بوو.

33) و ئەمن ئەوم نەدەناسی، بەڵا ئەوەی کە ئەمنی نارد کە بە ئاوێ تەعمید بکەم، هەر ئەو بە منی گوت: لەسەر کێ کە دەبینی کە ڕوح دێتە خوارێ و لەسەر ئەوی گیر دەبێ، ئەوەیە ئەوەی کە بە ڕوحولقدوس تەعمید دەکا.

34) و ئەمن دیومە و شایەدیم داوە کە ئەوە کوڕی خوڵایە.

35) دە ڕۆژی دیدا دیسان یوحەننا ڕاوەستابوو و دوو لە شاگردانی وی.

36) و کە تەماشای یەسووعی دەکرد کە دەگەڕا، کوتی: ئەوەتا بەرخی خوڵای.

37) و ئەو دوو شاگردانە قسەکردنی وییان بیست و وەدوای یەسووع کەوتن.

38) و کە یەسووع وەرگەڕا، ئەوانی دی کە وەدوای دەکەوتن و بە وانی گوت: لە چی دەگەڕێن؟ بە وییان گوت: ڕەببی، کە تەرجمەی ئەوەیە: ئەی مامۆستا مەنزڵت لە کوێیە؟

39) بە وانی گوت: وەرن و دەبینن. ئەو دەمی هاتن و دیتیان مەنزڵی لە کوێ بوو. و ئەوی ڕۆژێ لەکن ئەوی مان و نیزیکی سەعاتی دەیەم بوو.

40) یەکێک لەو دوانەی کە لە یوحەننایان بیست و کە وەدوای وی کەوتن ئەندریاس برای شەمعوون پیترۆس بوو.

41) ئەوە هەوەڵێ برای خۆی شەمعوونی پەیدا کرد و بە وی گوت: مەسیح، کە بە تەرجەمە کریستۆسە، پەیدامان کردووە.

42) و ئەوی بۆ کن یەسووعی برد. یەسووع تەماشای وی کرد و کوتی: ئەتۆ شەمعوون کوڕی یوحەننای، ئەتۆ کیفا بانگ دەکرێی، کە بە تەرجەمە پیترۆسە.

43) دە ڕۆژی دیدا ویستی کە بۆ جەلیلی بڕوا و فیلپۆسی پەیدا کرد. و یەسووع بە وی گوت: وەدوای من بکەوە.

44) و فیلپۆس لە بەیت سەیدا بوو لە شاری ئەندریاس و پیترۆس.

45) فیلپۆس نەتەنائیلی پەیدا کرد و بە وی گوت: ئەوەی کە مووسا بەحسی وی دە تەوڕاتدا نووسیوە و پێغەمبەرانیش پەیدامان کردووە یەعنی یەسووع کوڕی یوسف لە ناسرەتی.

46) و نەتەنائیل بە وی گوت: ئەرێ مومکینە کە چتێکی چاک لە ناسرەتی ببێ؟ فیلپۆس بە وی گوت: وەرە و ببینە.

47) یەسووع نەتەنائیلی دی کە دەهاتە کن ئەوی و بەحسی وی گوت: ئەوەتا بەڕاستی ئیسرائیلییەکی کە حیلە دە ویدا نییە.

48) نەتەنائیل بە وی گوت: ئەتۆ ئەمن لە کوێ دەناسی؟ یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: لە پێش ئەوەی کە فیلپۆس ئەتۆی بانگ کرد، کە هێشتا لە بن دارەهەنجیری بووی، ئەتۆم دی.

49) نەتەنائیل بە وی جوابی دا، ڕەببی ئەتۆی کوڕی خوڵای، ئەتۆی پادشای ئیسرائیل.

50) یەسووع جوابی دا و بە وی گوت: ئەرێ چونکە بە تۆم گوت: کە ئەتۆم لە بن دارەهەنجیری دی، ئیمان دێنی؟ چتانی گەورەتر لە وان دەبینی.

51) و بە وی گوت: ڕاستی بە ئەنگۆ دەڵێم: لەوەی پاش ئەنگۆ ئاسمانی ئاواڵەکراو دەبینن و کە مەلایکەتانی خوڵای لەسەر کوڕی ئینسانی بۆ سەر و بۆ خوارێ دێن.