کابرایەکی کورد لە موغاغ بوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  333 بینین

کابرایەکی کورد لە موغاغ بوو، ساڵێک لە وەختی بەهارا بە ماڵەوە چووە «سوسەی گڕوێ»، ئەم کابرایە ناوی ڕەمەزان بوو. مانگایەکی هەبوو سەرلەئێوارە کە گاگەل دێنەوە، مانگاکەی نایەتەوە ماڵەوە، ئەویش بە فکری خۆی وا ئەزانێ کە مانگاکە چۆتە ناو دەغڵەوە، ئەڵێ: قەی ناکا با بۆ خۆی بلەوەڕێ!

«شەخس»ێک لە نزیک ماڵەکەیەوە بوو، ئەڵێ: شەخسەکە مانگازەردم دایە دەستت، ئاگاداری بە. مەگەر مانگاکە ئێوارە کە هاتۆتەوە لەو لای شەخسەکەوە چاڵێک کە هاوین بۆ دەغڵ هەڵکەنراوە و لەبەر باران پڕ بووە لە ئاو، ئەکەوێتە ناویەوە و مردار ئەبێتەوە.

ئینجا بەیانی کەسێک چاوی پێ ئەکەوێ، بانگی ڕەمەزان ئەکات، ڕەمەزان ئەچێت و چاوی پێ ئەکەوێ، دەست ئەکا بە باوکەڕۆ. خەڵکەکە گێڕایانەوە، وتیان: ڕەمەزان ڕووی کردبووە شەخسەکە و ئەیوت: ئەرێ شەخسەکە باوکتم کوشتگە، دایکتم کوشتگە، هەموو ڕۆژێ فاتیحەم بۆ خوێندگی، ئێوارە چەند دەخیل و دەستەداوێنت بووم کە ئاگات لە مانگاکەم وێ. نەدەبوو بێژی ڕەمەزانی ملشکاو هەڵسە مانگاکەت کەوتگەسە چاڵەوە، هەر خەوەرێکت بدامایە، دراوسێتیی وا ئەوێ؟

ئای جارێکی تر فاتیحەت بۆ ئەخوێنم! مەگەر بکەمە قنگی خۆت و دایکتەوە دویت باوک.