بەشی یەکەم: چەشنەکانی تیپ

Besh y yekem: Cheshnekan y tiyp
لە کتێبی:
خوێندەواریی باو
بەرهەمی:
تۆفیق وەهبی (1891-1984)
 15 خولەک  980 بینین

1

تیپەکان دوو چەشنن:

١- تیپە دەنگی

٢- تیپە بزوێن

تیپە دەنگی
(Tiype Dengiy)

2

تیپە دەنگی ئەو چەشنە تیپانەن کە بۆ نووسرانی دەنگ دانراون، ئەمانەن:

b / ب c / ج d / د f / ف g / گ h / هـ (ح) j / ژ k / ک l / ل m / م n / ن p / پ q / ق r / ر s / س t / ت v / ڤ w / و x / خ y / ی z / ز

3

پێنج دەنگ هەیە کە یەکی بە دوو تیپ ئەنووسرێن، و پێیان ئەڵێن تیپە دەنگیی لێکدراو:

ch / چ gh / غ lh / ڵ rh / ڕ sh / ش

4

ئەگەر لە ووشەیێکدا (لە کەلیمەیێکدا) تیپێکی «h»ی ڕووت بێتە دوای تیپی «s، r، l، g، c»ـەوە، بۆ ئەوە کە وەکوو تیپە لێکدراو (§3) نەخوێنرێتەوە، تەقەڵێک دەخرێتە مەیانی ئەمانە و «h»یەکەوە؛ وەکوو،

il-ham / ئلهام mes-huwr / مەسحوور mec-huwl / مەجهوول mer-hemet / مەرحەمەت

5

لە شێوەی شارەزووردا دوو دەنگی تر هەیە کە بە تیپە لێکدراوی «dh» و «th» ئەنووسرێن؛ وەکوو،

nath bem / نات بەم bedh / بەد

ئەم دوو دەنگە یادگاری سەردەمی گەنجیەتیی زمانەکەمانن کە لە مێژا «ئاری»، لە دوای ئەوە «ئاری»یان پێ وتووە و ئێستا لەژێر ناوی گشتیی «کوردی»دا ئەناسرێ.

بەکارهێنانیان بە ئارەزووی نووسەرە، ئێمە لەم نامیلکەیەدا ئیتر باسیان ناکەین.

تیپە بزوێن
(Tiype Bizwên)

6

تیپە بزوێن ئەو تیپانەن کە ئەخرێنە پاڵ دەنگییەکانەوە، بۆ ئەوەی، بە پێی ئەو دەنگە کە دەرهێنانی پێویستە، کار بە گەروو، زمان و لێو بکەن. بزوێن سەربەخۆ ئەخوێنرێتەوە، بەڵام دەنگی بێ یاریەی بزوێن ناخوێنرێتەوە.

بزوێنەکان ئەمانەن: a e i o u y

بزوێنی «a»
(Bizwên y "A")

7

بزوێنی «a» ئەگەر لە دوای دەنگێکەوە بێ، کاری بزوێنی «ا» ئەبینێ، یەعنی وەکوو سەرێکی درێژ (فەتحە مەمدوودە) ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

ba / با baba / بابا dama / داما wata / واتا ga / گا za / زا

8

بزوێنی «a» ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێک، یان هیی کەرتەیی (هجایی)* بێ، وەکوو «ئا (آ)» ئەخوێنرێتەوە؛ بە وێنە:

a / ئا aw / ئاو ax / ئاخ ar / ئار ash / ئاش naasht / نائاشت

* کەرتە لە ووشەیێکدا کەرتێکە کە بە جارێ ئەبێژرێ (تلفظ ئەکرێ)؛ وەکوو،

ba, henaw, semawer,

ئەم ووشانە، یەکەمیان یەک، دووەمیان دوو، سێیەمیان سێ کەرتەی هەیە:

ba, he naw, se ma wer,

کەرتەیی ئەگەر دەنگێکی تێدا بێ، یەکدەنگی، و ئەگەر لە دەنگێ زیاتری تێدا بێ، گەلدەنگیی پێ ئەڵێن؛ وەکوو،

ma mi zê / ئەم کەرتانە یەکدەنگین xur malh / ئەم کەرتانە گەلدەنگین

بزوێنی «e»
(Bizwên y "e")

9

بزوێنی «e» دوو چەشنە:

١- «e»ی سادە،

٢- «e»ی چوکڵەدار.

بزوێنی «e»ی سادە
(Bizwên y "e" y sade)

10

بزوێنی «e»ی سادە ئەگەر لەدوای دەنگییکەوە بێ، کاری سەرێکی کورت (فتحه قصیرە) ئەبینێ؛ وەکوو،

ke / کە (کَ) bebe / بەبە (بَبَ) le / لە (لَ) pere / پەرە (پَرَ)

11

بزوێنی «e»ی سادە ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێ، یان هیی کەرتەیی بێ، وەکوو «ئە» (أَ) ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

e / ئە (أَ) erk / ئەرک (أَرْک) beerk / بەئەرک (بَأَرْک) em / ئەم (أَم) erz / ئەرز (أَرْز)

بزوێنی «e»ی چوکڵەدار
(Bizwên y "e" y chuklhedar)

12

بزوێنی «ê»ی چوکڵەدار ئەگەر لە دوای دەنگیێکەوە بێ، کاری «الیاء المجهول»* ئەبینێ؛ وەکوو،

dê / دێ bêcê / بێجێ kê / کێ fê / فێ mêw / مێو sêw / سێو

* وەختێ کە ئێران تیپی پەهلەویی دەس لێ هەڵگرت و فێری تیپی عارەبی بوو، ئەم چەشنە بزوێنە بەرچاوی عالمەکان کەوتبوو، و چونکە لە عارەبیدا بزوێنێکی وەها نەبوو و نەیانئەناسی، ناویان نابوو «الیاء المجهول» §23

13

بزوێنی «ê»ی چوکڵەدار ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێ، یان هی کەرتەیی بێ، وەکوو «الیاء المجهول»ێک ئەخوێنرێتەوە کە هەمزە(ء)ێکی لە پێشەوە بێ؛ وەکوو،

ê / ئێ êre / ئێرە ême / ئێمە êwe / ئێوە beêsh / بەئیش bêêsh / بێئیش

بزوێنی «i»
(Bizwên y "i")

14

ئەم بزوێنە دوو کاری هەیە:

١- کاری بزوێنە کوردی،

٢- کاری بزوێنی ژێر (کسرە).

بزوێنە کوردی
(Bizwêne kurdiy)

15

بزوێنی «i» ئەگەر لە دوای دەنگیێکەوە بێ، پێی ئەڵێین بزوێنە کوردی؛ ئەو کارەی ئەم بزوێنە لێرەدا ئەیبینێ لە گەلێ زمانی تردا نییە؛ وەکوو،

chi / چ kich / کچ cil / جل gird / گرد sirk / سرک mist / مست

هەڵگیرانی بزوێنە کوردی
(Helhgiyran y bizwêne kurdiy)

16

ئەگەر بزوێنە کوردی کەرتەیێکی گەلدەنگیی پێ دروست بووبێ §8 (ژێرپەڕە)، هەمیشە ئەهێڵرێتەوە؛ وەکوو،

gil / گل mird / مرد pisht / پشت

17

ئەگەر بزوێنە کوردی کەرتەیێکی یەکدەنگیی پێ دروست بووبێ §8 (ژێرپەڕە):

١- ئەگەر ئەم کەرتەیە هێزی* لەسەر بێ، ئەبێ هەمیشە بهێڵرێتەوە،

٢- ئەگەر هێزی لەسەر نەبێ، هێشتنەوە و نەهێشتنەوەی بە ئارەزووی نووسەرە؛ وەکوو،

mamiz / مامز

ئەم ووشەیە دوو کەرتەییە:

ma miz

و بزوێنی کەرتەی دووەم بزوێنە کوردییە؛ و چونکە کەرتەیێکی گەلدەنگیی پێ دروست بووە §8(ژێرپەڕە)، نووسراوە §16، بەڵام،

١- ئەگەر بێت و پیتی «êk»ی پخەینە سەر ئەبێتە سێ کەرتەیی:

ma miz êk

لەم ووشەیەدا ئەبینین کە بزوێنە کوردی کەرتەیێکی یەکدەنگیی پێ دروست بووە کە «mi»یە.

بەپێی دەستووری هێز، کە باسلێکرانی لەم نامیلکەیەدا جێی نابێتەوە، هێز هەرگیز ناچێتە سەر ئەو کەرتەیە کە بە پیتی «êk» دروست بووە؛ لەبەر ئەوە ئەگەر ئەم ووشەیە هێزی لەسەر بێ، یەعنی لە جوملەیەکدا (لە کردەیێکدا) ووشەبابەت §17 (ژێرپەڕە)، هێزەکە لەسەر کەرتەی «mi» ئەمێنێتەوە، و ئەبێ بزوێنە کوردیی ئەم کەرتە یەکدەنگییە بنووسرێ؛ وەکوو،

mamizêk

٢- خۆ ئەگەر بێت و پیتی «eke»ی پخەینە سەر ئەبێتە چوارکەرتەیی:

ma mi ze ke

چونکە بەپێی دەستوور هێز ئەچێتە سەر دوا کەرتەی پیتی «eke»، کە «ke»یە، ئەم ووشەیە ووشەبابەت بێ و ووشەبابەت نەبێ، کەرتە یەکدەنگیی «mi» هێزی لەسەر نامێنێ، لەبەر ئەوە نووسرانی و نەنووسرانی** بە پێی ئارەزووە؛ وەکوو،

mamzeke mamizeke

* هێز: ناوێکی تایبەتییە کە ئەدرێ بە کەرتەیێکی ووشە بابەتێک لە بێژانی (تلفظ کردنی) ئەو ووشەیەدا.

وشەبابەت: لە جوملەیەکدا (لە کردەیێکدا) ئەو ووشەیەیە کە قسەکەر لە بێژاندا هێزێک ئەخاتە سەر کەرتەیێکی؛ وەکوو،

Ême kalhek exoyn / ئێمە کاڵەک ئەخۆین

ئێستا ئەگەر بابەتی ئەم جوملەیە «ئێمە» بێت، قسەکەر، لە بێژاندا هێز ئەخاتە سەر یەکێ لە کەرتەکانی، و ئەگەر بابەت «کاڵەک» یان «ئەخۆین» بێ، هێز ئەخاتە سەر یەکێ لە کەرتەکانی ئەمان.

کەرتەبابەتی: لە ووشەبابەتێکدا، یەعنی لە ووشەیێکدا کە هێزی خرابێتە سەر، ئەو کەرتەیەیە کە لە بێژاندا تاوێکی تایبەتیی ئەدرێتێ، و لە کەرتەکانی تر بەهێزتر لە دەم دەرئەچێ.

** ئەو کەرتانەی بە بزوێنە کوردی دروست بوون و بزوێنەکەیان نەنووسراوە، پێیان ئەڵێین «لاکەرتە»؛ وەکوو،

bra, dro, grê.

ئەم ووشانە یەکێ لە کەرتەیێک و لاکەرتەیێ دروست بوون؛ بە وێنە، ئەگەر ووشەی «bra» پخرێتە حاڵی بانگکراویەوە (حال ندا)، بزوێنە کوردیی لاکەرتەکەی ئەبێ بنووسرێ: چونکە هێزی لەسەر ئەبێ؛ وەکوو،

bira! birale, were!

بزوێنی ژێری (کسرة) «i»
(Bizwên y jêr y "i")

18

بزوێنی «i» لە سێ باردا کاری ژێر ئەبینێ:

١- ئەگەر یەکەم تیپی ووشەیی، یان هیی کەرتەیی بێ، و یان بزوێنی دەنگییێ نەبێ، وەکوو «ء»ی (هەمزەی) کەسرەدار ئەخوێنرێتەوە:

in saf / ئِنساف (إِنصاف) bê insaf / بێ ئِنساف i da re / ئِدارە (إِدارە) bê i da re / بێ ئِدارە

۲- ئەگەر بزوێنی «i» لەدوای تیپی «y»وە بێت، ئەم تیپە وەکوو «ی»ێکی کەسرەدار ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

ma yin / ماین pa yiz / پایز sha yi / شایی

۳- ئەگەر لە پێش تیپی «y»وە بێت، ئەو وەختە ئەبێتە بزوێنە لێکدراوی «iy»، کە وا لە ژێرەوە باسی ئەکەین.

بزوێنە لێکدراوی «iy»
(Bizwêne lêkdrawiy "iy")

19

بزوێنە لێکدراوی «iy» ئەگەر لە دوای دەنگیێکەوە بێ، کاری ژێرێکی درێژ (داکشاوە)، یەعنی (واتا)، کاری «ي» ئەبینێ؛ وەکوو،

biy / بی diyl / دیل ziy wiyn / زیوین shiy riyn / شیرین ka niy / کانی shiy lan / شیلان

20

ئەگەر لە دوای ئەم بزوێنە لێکدراوەوە بزوێنێکی کە بێت، «y»ی بزوێنە لێکدراو لەگەڵ ئەو بزوێنە تازەیەدا کەرتەیێکی تازە دروست ئەکا، و «i»ی بزوێنە لێکدراو ئەبێتەوە بە ژێرێکی کورت؛ وەکوو،

biy: em biye (em bi ye) biyeke (bi ye ke) ew biyane (ew bi ya ne) kaniy: em kaniye (em ka ni ye) kaniyeke (ka ni ye ke) ew kaniyane (ew ka ni ya ne)

21

بزوێنە لێکدراوی «iy» ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێ، یان هی کەرتەیێ بێ، وەکوو «ئی (أي)» ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

iy / ئی iy rad / ئیراد bê iy man / بێ ئيمان iy caz / ئيجاز

بزوێنی «o»
(Bizwên y "o")

22

بزوێنی «O» دوو چەشنە:

۱- «o»ی سادە،

۲- «ö»ی خاڵدار

بزوێنی «o»ی سادە
(Bizwên y "o" y sade)

23

بزوێنی «o»ی سادە ئەگەر لەدوای دەنگیێکەوە بێ، کاری «الواو المجهول»* ئەبینێ؛ وەکوو،

do / دۆ mom / مۆم rhoj / ڕۆژ gosht / گۆشت kost / کۆست zor / زۆر

* ئەم بزوێنەش، کە ئێران فێری تیپی عارەبی بوو -وەکوو «الياء المجهول» $12 ژێرپەڕە-، لە لایەن عالمەکانەوە ناو نرابوو «الواو المجهول».

24

بزوێنی «o»ی سادە ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێ، یان هی کەرتەیی بێ، وەکوو «الواو المجهول»ێک ئەخوێنرێتەوە کە هەمزە(ء)ێکی لە پێشەوە بێت؛ وەکوو،

or duw / ئۆردو o ghir / ئۆغر org / ئۆرگ bê or duw / بێ ئۆردوو

بزوێنی öی خاڵدار
(Bizwên y "ö" y xalhdar)

25

بزوێنی öی خاڵدار ئەگەر لەدوای دەنگیێکەوە بێ، ئەو کارە ئەبینێ کە لەم وێنانەی خوارەوەدا پیشان دراوە:

kö / کوێ kör / کوێر shön / شوێن göz / گوێز tötö / توێ توێ söne / سوێنە

26

بزوێنی öی خاڵدار نابێتە یەکەم تیپی ووشەیی، یان هیی کەرتەیی، بەڵام ئەگەر لە کارێکی وەهادا بینرا، وەکوو "ö"ی ووشەی öz (ئۆز)، ög (ئۆگ)ی کەرکووکیی بخوێننەوە.

بزوێنی «u»
(Bizwên y "u")

27

بزوێنی u دوو چەشنە:

١- uی سادە،

٢- uwی لێکدراو

بزوێنی «u»ی سادە
(Bizwên y "u" y sade)

28

بزوێنی uی سادە ئەگەر لە دوای دەنگێکەوە بێت، کاری بۆرێکی کورت (ضمة قصیرة) ئەبینێ؛ وەکوو،

bu / بو (بُ) nust / نوست (نُست) gulh / گوڵ (گُل) kurh / کوڕ (كُر) kurd / کورد (كُرد) turt / تورت (تُرت)

29

بزوێنی «u»ی سادە لە دوایەوە بزوێنێکی کە بێت، ئەگۆڕێ بە «w»ی دەنگی؛ وەکوو،

bu-a ye: bwaye / بوایە nu-an din: nwan din / نواندن

30

وشەیەکخەری (حرف عطفی) «u» ئەگەر لە دوای بزوێنەوە بێت، «w»، و ئەگەر لە دوای دەنگییەوە بێت «u»ە؛ وەکوو، ga w merh / گا و مەڕ trê w sêw / ترێ و سێو biy w tuw / بی و توو berd w gilh / بەرد و گڵ dar u aw / دار و ئاو xuw w kar / خوو و کار rhuw w pisht / ڕوو و پشت mar w kun / مار و کون

31

بزوێنی uی سادە ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێک، یان هیی کەرتەیی بێ، وەکوو هەمزەیێکی بۆردار (ضمەدار) ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

ur mi ye / ئورمیە (أُرميە) ul ke / ئولکە (أُلكە) na u miyd / نائومید (ناأُمید)

بزوێنە لێکدراوی «uw»
(Bizwêne lêkdrawiy "uw")

32

بزوێنە لێکدراوی uw ئەگەر لە دوای دەنگێکەوە بێ، کاری بۆرێکی درێژ (ضمە طویله) ئەبینێ، وەکوو،

muw / موو (موُ) zuw / زوو (زوُ) juwr / ژوور (ژوُر) kuwrh / کووڕ (کوُڕ) qu tuw / قوتوو (قُتوُ) pa ruw / پاروو (پاروُ)

33

ئەگەر لە دوای بزوێنە لێکدراوی «uw»ەوە بزوێنێکی کە بێت، «w»ی بزوێنە لێکدراو لەگەڵ ئەو بزوێنە تازەیەدا کەرتەیێکی تازە دروست ئەکا، و «u»ی بزوێنە لێکدراو ئەبێتەوە بە بۆرێکی کورت؛ وەکوو،

xuw: ew xuwe (ew xu we) xuweke (xu we ke) em xuwane (em xu wa ne) berhuw: ew berhuwe (ew be rhu we) berhuweke (be rhu we ke) em berhuwane (em be rhu wa ne)

34

بزوێنە لێکدراوی «uw» ئەگەر بە تەنیا بێ، یان یەکەم تیپی ووشەیێک، یان هیی کەرتەیی بێ، وەکوو «ئوو (أوُ)» ئەخوێنرێتەوە؛ وەکوو،

uw la ike / أوُلئك (ئوولائیکە) uw ti ye / أوُتي (ئووتیە)*

* وێنەی کوردیم نەدۆزییەوە، لە وێنەکانی §31یشدا هەروەها.

تیپی «y»
(Tiyp y "y")

35

تیپی «y» هەم دەنگییە، هەم بزوێنە:

١- دەنگییە، ئەگەر بزوێنێکی لە لاوە بێ؛ وەکوو،

ay / ئای (آي) yar / یار daye / دایە ba y tund / بای توند muw y zerd / مووی زەرد rhuw y tirsh / ڕووی ترش buy / بوی buyn / بووین chuyt / چوویت

٢- تیپی «y» بزوێنە، ئەگەر بزوێنێکی تری لە لاوە نەبێ؛ و کاری ژێرێکی کورت (کسره قصیرە) ئەبینێ؛ وەکوو،

bir dy / بردی byst / بیست aw y sard / ئاوی سارد berd y zil / بەردی زل nan y wushk / نانی ووشک klhaw y min / کڵاوی من

36

بزوێنی «y» نابێتە یەکەم تیپی ووشەیێ، یان هیی کەرتەیێ، بۆ کارێکی وەها، لەباتیی بزوێنی «y»، بزوێنی «i» بە کەڵک ئەهێنرێ §18-1.