شەوی شاعیر

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 2 خولەک  2612 بینین
بابە تاهیر! منیش دەڵێم وەک تۆ
«ئاخ لەدەس دیدە، وای لەچەنگی دڵ»
دڵی جوانی پەرست و چاوی هەوەس
شەو هەتا ڕۆژ بەمن دەدەن گینگڵ
***
کێ دەزانێ بەشەو لە من چ دەکا
ئەو خەیاڵە پەشێو و ئاڵۆزەم؟
کێ دەزانێ کە چیم بەسەر دێنێ
ئەو دڵە پڕ بڵێسە و سۆزەم؟
***
کێ دەزانێ چلۆن بەیان دادێ
لە منی شێت و شاعیری دڵتەڕ؟
کێ دەزانێ خەیاڵی بن لێفەم
چۆن بەسەر کەوشەنا دەکا شەوپەڕ؟
***
ئەرێ ئەی بەدری ئاسمانی جەمال
هیچ دەزانی چلۆنە حاڵی من؟
شەو هەتا ڕۆژ لە کونجی تەنیایی
وەک هیلال ئاوەڵایە باڵی من؟
***
گیانە! هێشتاکە دانەمرکاوە
ئاگری عیشقی توند و سەرکەشی من
لەشی گەرم و گوڕی دەوێ هەر شەو
بۆیە وا ئاوەڵایە باوەشی من
***
لێوی وشک و بەباری من دەیەوێ
هەڵمژێ لێوی گۆشتن و ئاڵت
دەستی سارد و تەزیوی من دەیەوێ
بیکوشێ مەمکی وەک بەهێی کاڵت
***
دەمەوێ بەو سمێڵە زوورانەم
ئارەقی سینگ و باخەڵت بسڕم
دەمەوێ بسکە نەرمەکەت بگرم
دەمەوێ چاو لە چاوەکەت ببڕم
***
دەمەوێ گوێم لە دەنگی نەرمت بێ
دەمەوێ هەست بکەم هەناسەی تۆ
دەمەوێ من بگەم بەکاوی دڵ
دەمەوێ دابمرکێ تاسەی تۆ
***
دەمەوێ هیممەت و هومێدی من
ئەتڵەسی ناهومێدی دابدڕێ
دەمەوێ پەنجەکەت بەئەسپایی
تۆزی غوربەت لە ڕوومەتم بسڕێ
***
ئەی هومێد ئەی ڕەفیقی دێرینەم
تۆ نەبی کێم هەیە منی بێکەس؟
گەر هەموولا لە من بهارووژێ
نابەزم تۆم لەگەڵ بمێنێ و بەس
***
تۆم هەبی ئەو شەوانە ڕادەبرن
تۆم هەبی دوایی دێ بەڕۆژی ڕەش
تۆم هەبی هەر دەگەم بەئامانجم
تۆم هەبی ئەو دەگرمەوە باوەش