دەسکەوتی خەبات
لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
5 خولەک
2561 بینین
نە بلوێرژەن دەتووڕێنێ لە بلوێر
نە شۆڕەژن ورینگەی دێ لەبەر بێر
نە نارەناری کیژی مەشکەژێنە
نە سیڕەسیڕی شمقاڕ و شەهێنە
نە بۆڕە بۆڕی مانگای تازە زاوە
نە شڵقەشڵقی مەشکەی نیوەژاوە
نە فیتەفیتی شوان و کاڕەیی مەڕ
نە باللۆرەی کچی چاومەست و دڵتەڕ
نە ئۆحە ئۆحەکەی گاوانی باسک
نە بگرە بەردەکەی کابانی ناسک
نە کۆڕژنی حدوودی سووکە سواران
نە خرمژنی هەیاسەی گوێ بەگواران
نە قاڕەی سی و چریکەی باز و پەڕکوور
نە دەنگی ئاسمانی و شادیی شالوور
نە گرمەی هەور و هاژەی ڕێژنە باران
نە سروەی با و شنەی سوورە چناران
کەوی کێوی نە قاسپەی ما نە سیڕە
بەرەو گەرمێن فڕیوە زەردەزیڕە
لە هێلانەی خزی و بێ دەنگە سێروو
دەڵێی خۆشخوانی کوردە و نیەتی ئێروو
گوڵاڵە و سوێسنە و خاو و کەنێرە
هەموو پرزەن، زەمان کردوونی گێرە
نەماوە ڕەنگ و بۆی بەیبوونی نواڵە
کرانە گزرە مێژوەرد و هەڵاڵە
پەڕیوە سوورگوڵ و پێ خوستە سونبوڵ
ڕزیوە نووسەکە و خاو بۆوە پێکوڵ
کرانە دەستەچیلە لاسکە گۆگەم
خەزانە و جوانی ناوێرێ بڵێ هەم
کەما و مەندۆک و هەڵز و لۆ پەڕیون
لە ترسی با لەناو قووڵکە و پەسیون
لە باخ و چڕ ئەوی دار و درەختە
هەموو زەردن لە ترسی هێرشی شەختە
چەمەن کاڵ بۆتەوە ڕوخساری ئاڵی
لەسەر گۆنەی وەلاچوو دەنکە خاڵی
«گوڵ و حاجیلەکانی دەشتی هاموون»
بەجارێکی بەتاڵانی خەزان چوون
مەلای گوندە چیا، نەک شێخی ورگن
هەیەتی مێزەرێکی بۆر و چڵکن
کەوا سەوزی لەبەر داماڵدراوە
سیواک و تەیلەسانیشی نەماوە
چ بێ نازن، هەوارگەی خۆش و زەنوێر
چ ناسازن چیا و لاپاڵ و هەڵدێر
خەزانە بێ بەزە و ناخۆش و تووشە
مژە و زوقمە و کەڕەسیسە و پرووشە
لە کوێستانی نەماوە خێر و خۆشی
تەبیعەت هەر بینا کفنیشی پۆشی
ئیتر کەس ناگرێ داوێنی کێوان
لە جێیان باری خەم نیشتووە لە لێوان
بەڵام بنواڕە ئەوڕۆ شارەکەی کۆ
«قوبەی کشمیری دا بەر شەق وەکوو گۆ»
ئەوا پڕ بوو لە خۆشی و کامەرانی
بەهاری شامە ئەییامی خەزانی
دەر و دیواری شادی لێ دەباری
خەزانی خۆشەویستە وەک بەهاری
قریوە و داوەت و چۆپی و سەمایە
گەپ و گاڵتە و زەماوەند و هەرایە
تریقە و پێکەنینە و چەپڵەڕێزان
هەموو بەشداری بەزمن خاو و خێزان
هەموو چاوێک گەشە، گشت کوڵمە سوورە
کەسەر لەو شارە بێ ئازارە دوورە
دەبینی تۆ ئەگەر چاوێک بگێڕی
کچی وەک دوڕ، کوڕی جوانتر لە زێڕی
کە دەچنە داوەتێ سەرمەست و دڵخۆش
فڕێ دراوە پەچە و ڕووبەند و سەرپۆش
هەلە هەڵکەوتووە بۆ کیژ و لاوان
نییە ئەوڕۆکە باخی سینە پاوان
چلۆن ئەوڕۆ نەبێتە ڕۆژی جێژن؟
چلۆن خەڵکی کوڵ و کۆیان نەڕێژن؟
لەلای ئازادیخواز و کوردی دڵسۆز
بەڕێزتر بۆ نەبێ ئەوڕۆ لە نەورۆز؟
کە پاش ئەو ڕە! و دەرد و کفتوکۆیە
دەبینن کۆتەڵی «حاجی» لە کۆیە
دەبینن کۆتەڵی شاسواری کۆیی
کە ڕۆژێکی بەپێیان لێرە ڕۆیی
چلۆن بۆ سورمە نابێ خاکی شارێک
کە حاجی پێی لەسەر دانابێ جارێک
***
ئەوە کۆتەڵ نییە ڕەمزی نەجاتە
ئەوە دەسکەوتی چەند ساڵەی خەباتە
ئەوە ڕووگەی هەموو کوردێکی پاکە
ئەوە جێگای نیازە، پیرە، چاکە
بوتی ساحیب دڵانی دڵ بەسۆیە
کە ئەوڕۆ پێی دەنازێ شاری کۆیە
***
سڵاو ئەی حاجی ئەی ڕۆڵەی زەمانە!
لە سایەی تۆوە هەرچێکی هەمانە
هەموو ژینت لە ڕێی گەلدا بەخت کرد
هەتا ڕێگای خەباتت بۆ تەخت کرد
گەلێکت دی غەریبی و تاڵ و سوێری
نەبوو ساتێ لە خزمەت خۆ ببوێری
بەگژ بێگانە و خۆمانەدا چووی
لەگژ دێوەزمە و دێوانەڕا چووی
نەترسای و نەخەجڵای و نەلەرزی
چ مەشهووری، چ ڕووسووری، چ بەرزی
هەموو شاگردی تۆن شیرن کەلامان
لە تۆ فێر بوون خەبات قازی و مەلامان
بەدەنگی تۆ خەواڵوو ڕاپەڕیون
لە ترسی تۆیە دوژمن داپەڕیون
گەرای ئەفکاری تۆیە باڵی گرتن
کە وا ڕۆڵەی گەلت سەریاڵی گرتن
بەئازایی، بەزانایی، بەوردی
چەکت دا دەستی شۆڕشگێڕی کوردی
پەڕی دیوانەکەت گەنجە و خەزێنە
وشەی شیرینی تۆ دوژمن تەزێنە
هەموو پەندن قسەی سووک و دزێوت
وەکوو باڵی پەری پاکە جنێوت
بەنرخە، تازەیە، بەرزە، بەهێزە
ئەوەی فەرمووت لە بارەی پیاوی دێزە
«ئەگەر کوردێک قسەی بابی نەزانی
موحەقەق دایکی حیزە و بابی زانی»
کە شێعری تۆ بزاوتی هەستی هەستان
هەموو سەوداسەری سەربەستی هەستان
لە کوردستان گەلێک شۆڕش بەرپا بوون
کوڕی کوردی بەگژ بێگانەدا چوون
لەمێژساڵە دەڕێژن ئارەق و خوێن
بەڵام داخی گرانم هێشتە لە کوێن؟
ئەوێستاش دەردەکورد نەکرا عیلاجی
ئەوێستاش کوردی کۆیلە ماوە حاجی
گەلی کوردت نەبوو هێشتا نەجاتی
بەخوێنی لاوەکان سوورە وڵاتی
ئەوێستاش دوژمنی لاسار و بەدفەڕ
دەکووژێ کوردی بێ تاوان و لاشەڕ
ئەوێستاش هەر دەمانکەن تیرەباران
دەنەخشێنن بەخوێن کۆڵانی شاران
ئەوێستاش پڕپڕن زیندان لە لاوان
بەغەیری وەی کە کوردن نیانە تاوان
ئەوێستاش گۆڕ غەریب زۆرن وەکوو تۆ
ئەوێستاش بێ نەسیب زۆرن وەکوو تۆ
ئەوێستاش بێ کەس و دوورە وەتەن هەن
ئەوێستاش شاعیری پیر و ڕەبەن هەن
ئەوێستاش شێعری وردی کوردی دەدڕن
زمانی شاعیرانی چاکی دەبڕن
***
بەڵام تۆ دڵنیابە پیری زانا!
بناغێکی وەهات بۆ کوردی دانا
ئیتر سەنگەر بەتاڵکردن مەحاڵە
ئیتر کورد و بەزین خەون و خەیاڵە