فریشتەی پەڕیوە

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 2 خولەک  2681 بینین
سەرنجم گەر دەبڕمە بەژن و باڵات
کچی جوان! بۆچی ڕووگرژی چ قەیدی؟
منم ئەو شاعیرە جوانی پەرستە
کە چاوی من جگە لە جوانی نەیدی
***
بەمنداڵی کە پەروەردەی چیا بووم
کەوم دی، پۆڕ و سوێسکە و ئاسکم دی
بە لاوچاکی لە شاری کوردەواری
کچم دی، نازەنین و ناسکم دی
***
گەڕاوم چۆم و نواڵە و مێرگ و بژوێن
بەماهـ و زەردی ئەستەم هەڵگەڕاوم
تەماشای سوێسن و بەیبوون و شللێر
بە دینی جوانی ڕاهێناوە چاوم
***
لەبەر تاوێ لەسەر پشت ڕاکشاوم
لەدەم جۆگە لەسەر فەرشی وەنەوشان
لەسەر گوێسوانە کردم چاوەبڕکێن
لەگەڵ گەورەکچی بەردەرکی حەوشان
***
بەڕۆژی سارد و ساو دیومە بە زستان
ترووسکەی بەفری بەر تیشکی هەتاوێ
شەوی هاوین لەناو ئەستێرەکاندا
گەلاوێژم دەدی پرشنگی داوێ
***
لەناو گۆم و گەرمک و چۆم و قۆپی
بەپۆلم دین قورینگ و سی و هەڵەتانج
لەبەر بێر و لە هاویر و لە پاراو
گەلێکم دیوە کیژی شۆخی کرمانج
***
لە مەیدان دیومە نێسکەی ئەسپی خۆشبەز
لەگەڵ دەستوجلیتی شۆڕەسواران
گەڕی شاییم لەپێش چاوی گەڕاوە
لەرەی مەم، سووکە ڕەوتی گوێ بەگواران
***
خوڕینی شوور و بازی مامزم دی
شەپۆڵی گۆم و کەف هەڵدانی تاوگە
بە مێڕۆژ و سیاسووتی بەهارێ
گەلێک شەو ماومەوە تا ڕۆژ لە ڕاوگە
***
لەسەر دوندی چیای سەربەرزی هەڵگورد
ڕەوەی هەورم لەژێر پێمدا بەدی کرد
تەماشای دیمەنی سەوزی وڵاتم
منی سەرسام و شاگەشکە و خەنی کرد
***
بەهەشتە کوردەواری من، بەهەشتە
فریشتەم من، فریشتێکی پەریوە
بە جوانیی تۆ دەژیم لەم دووروڵاتە
وەرە لێم مەبڕە ئەو تەنیا بژیوە
***
بەڵێ تۆ کیژی، نازداری، لەباری
منیش پیرێکی زورهان و دزێوم
بەڵام شیرنترە لەو شەککرەلێوە
وشەی کوردی کە هەڵدەڕژێ لە لێوم