شەو و شەیتان
لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
2 خولەک
2546 بینین
ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین
ڕەش هەڵگەڕا ئاسمانی شین
هەورێک شۆڕابەی بەرداوە
دەڵێی لە قیڕیان وەرداوە
تاریکانە، شەوەزەنگە
وڵات بێ هەست و بێ دەنگە
گۆڕستانی خامۆشە شار
تێیدا نەماوە زیندەوار
نە ڕادەژێ گەڵای دارێک
نە دێ هەستی پێی ڕێبوارێک
هەرچی کۆڵان و شەقامە
دەڵێی کاولاشی بەسامە
دنیا دەریای بێ شەپۆڵە
لاو داماوە، جێژوان چۆلە
پەردەی کۆشکان دادراوە
ڕۆچنەی کۆختانیش گیراوە
لە تالار و سەر سەرایان
بڕا ترووسکەی چرایان
شەمی سەرچاکیان لابردن
مردووش هێندەی دیکە مردن
دامرکا، بوو بە ژیلەمۆ
لە ناو ئاورگاندا پشکۆ
ژیان ڕووگرژە و مچ و مۆڕ
دێ بۆنی کفن و تات و گۆڕ
شەو زرینگاوە، ڕاشکا
شەیتان سامی لە خوا شکا
کەڵپی خوێناوی گڕ کردن
فریشتەی پشووبڕ کردن
خەم و خەفەت دادەبێژێ
شادی و ئازادی دەنێژێ
داسی مەرگ و نەمان دەسوێ
هەوەڵ گەوزی داوێتە کوێ؟
دێن و دەچن بە ئەسپایی
لە چوارچرا چەند تارمایی
خێوی شەو و خودای شەڕن
بێچووە شەیتانی بەدفەڕن
ئاخ، دیسان سێدارە چەقی
کوردی چۆ بن لەسەر هەقی
لەپڕ دەنگێکی نێرانە
نرکەی کوڕانە و شێرانە
پەردەی بێدەنگی دادڕاند
خەواڵووی لە خەو ڕاپەڕاند
خەڵک هەمووی ئەو دەنگەی بیست
دەیگوت «پێشەوای» خۆشەویست:
کە من مردم کورد نامرێ
دەس لە خەبات هەڵناگرێ
هارووژا وەکوو پوورەی هەنگ
«مەهاباد» گۆڕخانەی بێ دەنگ
لە دەوروبەری چوارچرا
هەزاران سەر لە قوڕ نرا
کام نازداری شۆخ و جوانە
دای لە خم لکی کۆڵوانە
لە چاوی کیژی مل بەکوێن
بەخوڕ دەهات فرمێسکی خوێن
شۆڕەلاو هاتە کۆڕی شین
ئەویش سۆرانی کردن شین
پیرەپیاو بانگ دەکا ڕۆڵە
لەبیر نەکەن تۆڵە، تۆڵە
تێکڕا دەڵێن درشت و ورد:
کورد نەمرد، پێشەواش نەمرد
با تەرمیشی بخرێتە گڵ
چۆن یادی دەردەچێ لە دڵ؟
***
شادبە ئەی پێشەوای نەمر
هەتن ڕۆڵەی ئازا و خوێنگر
بۆ فیداکاری ئامادەن
ڕێگای ڕاستی تۆ بەرنادەن
پەڕکووری ڕق ئەستوورە کورد
لەسەر تۆڵەی تۆ سوورە کورد
کچ و کوڕ و ژن و پیاوی
دەکا خەباتی خوێناوی
تا مافی ڕەوای دەستێنێ
ئاواتی تۆ وەدی دێنێ