نازانم چۆن زیندوو ماوم

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 3 خولەک  556 بینین
دەستم بگرە
لەم مەرگەجاڕە وەڕەزم
بەرەو هەر کوێم دەبەی، بمبە
جەهەندەمیش بێ ناترسم
لێرە نەڕۆم، وەک دارێکی کڵۆر دەڕزم!
دەمگوت: مێردە ئەوەی دایکی،
لە باوەشی بێگانەدا جێ نەهێڵێ.
دەمگوت: حیزن ئەوانەی وا لە تەنگانە
گیانی خۆیان هەڵئەگرن و
بیر و ئەندێشەی خۆیان و بەرژەوەندی نیشتمانیان پێشێل ئەکەن
هانا بۆ هەندەران دەبەن!
دەمگوت: شێرە، ئەوەی لە ژێر لێزمەی تەرزەی
هەوری نەفرەتی نەیاردا، ڕادەوەستێ!
بە خوێنی خۆی پەرژینێکی قایم بە دەور نیشتمان و ئەندێشەی
خۆیدا دەبەستێ
دەمگوت: دەنگی شیعر لە ژێر زەبری قامچی دەبێ بە هاواری بەرز و
دنیای بێدەنگ دەهەژێنێ!
دەمگوت: تەوژمی پۆستاڵ و زەبری گۆپاڵ
زەردەواڵەی وشەی تووڕە دەهرووژێنێ!
دەمگوت... دەمگوت...
***
هەڤاڵانم، هەر یەکەو خۆی بە سووچێکا دەرباز کرد و
من مامەوە
قەڵەمێکی پڕ هاوار بووم
دەمویست کۆشکی ستەمکاران بە هێرشی سپای واژە
بڕووخێنم
لە هەر لاوە دامیانە بەر پلار و پەڵ
بوومە پارووی چەوری خێڵی گورگ و چەقەڵ
ئیتر من بووم و دوو دەستی ئاشنای بەند و کەلەبچە
قەڵەمێکی دەنگ لە گەروودا خنکاو و
ئەندامێکی پڕ لە زامی سارێژ نەبووی شوێن پێی شەلاخ
ئیتر من بووم و قاوشی زیندانەکان
وەک خەمێکی پشت کۆماوەی ڕدێن سپی
لە ئەم زیندان بۆ ئەو زیندان
زامێکی بەترەف و ناسۆر،
ژیان دۆڕاو
ئازارێکی پەنجا ساڵەی ئەتک کراو!
***
ئەگەر قەڵەم نەبوایە چۆن ئەم ژینە مەرگەم ڕائەبوارد؟
ئەگەر شێعر نەبوایە چۆن ئەم دۆزەخەم گوارا ئەکرد؟
نازانم چۆن زیندوو ماوم؟!
زیندان نییە لەم وڵاتە
بە یادگار ناوی من لە سەر دیواری نەنووسرابێ!
ژووری تاکەکەسی نییە، ئەم جەستە لاوازەی تێدا،
بەند نەکرابێ!
نازانم چۆن زیندوو ماوم؟!
چەند هاوزنجیرم کوژراون
چەندیان لە کاتی کازیوە
لە شیرینی خەودا بۆ ژێر سێدارە ڕاکێش کراون؟
ئەم چاوانەم بە قەد گەڵای سەدان درەختی جوانەمەرگ
فرمێسکی ئاڵی ڕشتووە
بێنم بۆنی عەتری خوێنی گوڵی هەزار گیانی نەسرەوتی
مشتووە!
ئاخ نازانم، نازانم چۆن زیندوو ماوم؟
دەستم بگرە، لەم دۆزەخە
گۆشت و ئێسقانم سووتاوە
ڕوحم لە نێو ئەم قاوەخە ئاستەنگدا بێ قەرارە
هێزی مانەوەم نەماوە
متمانەم بە سبەینێ نییە
مەترسی وەکوو شێرپەنجە
پەنجەی لە گیان، لە هەناوم هەڵپێکاوە!
هاکا ئێستا و تاوێکی تر هاتن لە دەرکەیان کوتا و
زاری کەلەبچە برینی سارێژ نەبووی کولاندەوە
دەستم بگرە و ڕزگارم کە
بوومەتە هەیکەلی ئازار
خودی دەردم، ڕەنجم، داخم، برینێکی پڕ لە ئێشم
زیندان بۆتە مۆتەکەیەک سواری ڕوحم بووگە و ئیتر دانابەزێ!
ئازادیش بم ڕەهام ناکات
بهێڵن دوا هەناسەکانم لە ژێر ئاسمانێکی بەرفراوان
لە سەر بستێ خاکی سەربەستا هەڵکێشم!