چریکەی نێو قەفەز

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  404 بینین
هەموو شەوێ
لە ئەو دیوی دیوارەوە
باڵندەیەکی دیلی قەفەز، تێی دەچریکاند!
بەستەکانی
ڕووداوانی نیشتمانی خوێن و ئاگر و هەڵمەت بوون
لاوک، حەیران، سیاچەمانەی
ئەکرد بە پرد
هەڵگورد دەستی شاهۆی ئەگرت
لەگەڵ قەندیل، بە سەر پردا
بۆ لای چیای ئاگری ئەچوون!
هەموو شەوێ
منیش لە پشت دەلاقەی ژوورەکەمەوە
زنجیری دیلیم دەپساند و
ئەسپی خەیاڵم زین ئەکرد
بە شاڕێگەی حەنجەرەی ئەو باڵندەدا
بۆ نیشتمان ئەچوومەوە
دوێنێ شەوێ
شەو بۆنی خەم، بۆنی ماتەمی لێ ئەهات
تا بەیانی چاوەڕوان بووم
دەنگی باڵندەکە نەهات
ئەوڕۆ بیستم
لە کازیوەی سپێدەدا
باڵندە دەنگ خۆشەکەیان سەر بڕیوە
بۆ تێکدانی بنکەی سووری بەستەکانی
ڕەگ بە ڕەگی حەنجەرەیان هەڵدڕیوە
ئیمشەو دڵم دەکورکێنێ
باڵندەیەکی باڵ و پەل و پۆ خوێناوی
لە سەر لقی شیعرێکی پڕ تاسە و هێشتا نەگوتراوم
هەڵنیشتووە و دەچریکینێ!