چەواشەی ئەوین

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  650 بینین
چیایەکی بێدەنگ و تەم گرتووم
بە ماتەم نەویوە سەرم بۆ بنار
لە دڵما نەماوە چریکەی کەوێ
هەناسەی بڕیوم خەمی ڕۆژگار
***
هەوارێکی چۆڵ و بەفر لێدراو
مەزاری هەزاران شکۆفەی حەزم
مڵۆزم لە هەر لاوە تەنگیان چنیم
پڕووکاوی شاڵاوی دەوران ئەزم
***
دڵۆپەی گەرووی پڕ هەنسکی خەمم
وشەی نادیاری پەڕەی دەفتەرم
بلۆقی ژیانی بە ژان قاڵدراو
لە ژێر دەسەڵاتی دڕی خەنجەرم
***
گوڵی خەندەرانی ئەزانێ کە من
لە کام قین و نەفرەت ئەناڵێ دڵم
گوڵێکم لە دنیا بە دڵ بوو گوڵێک
بەڵام گەردەلوولێ ڕەواندی گوڵم
***
بەرەو کێهە لایێ سەرم هەڵگرم
ئەوەی وا دیارە تراویلکەیە
لەمێژە چەواشەی ئەوینم بەڵام
ئەوین هەر لە پەرتووک و نامیلکەیە