چاوخڵەتێنە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  650 بینین
هۆ خەڵکینە!
چاو کەنەوە
ئەو هەورانە
هەرچەند سەر لە ئاسمان ئەسوێن
قسرن، بارانیان پێ نییە
تۆزی بەرپێی
ئەسپی لەشکەری هۆلاکۆن!
بڕوا مەکەن...
هەرچەند لە ئاو
لەباران و بەهار ئەدوێن
بڕوا مەکەن...
تەم و مژی چاو خڵەتێنەی بەری ئاسۆن!
کێڵگە تینوو
هەور نەزۆک
دەریاش سوێرە!
ڕێگە دوور و
ئاو تراویلکە
چاوساغ کوێرە
شەو درێژە
ئەنگوستەچاوی نووتەکە
گەردەلوولە، تەمە، مژە
چاو تا بەر پێ، هەتەر ناکا
ئەو ئەستێرە هانمان دەدا
کاروانکوژە