گەمارۆ

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  529 بینین
بە دەورما
دیواری ئاسن و پۆڵایان کێشاوە
لەسەربان
بەر دەرکە
تەنانەت لە سەر ڕێی خەیاڵما
چاودێریان داناوە
بەڵام شیعر
بۆ سەفەر
لە چاودێر ناپرسێ
ئەشقیای کوێستانی خەیاڵە و
لە سوڵتان، لە خونکار، لە جەللاد
ناترسێ.
شیعری من
هاواری ئەوینە و
شوورەی ئەم قەڵایە کون دەکا
لە سەدان دەرکەوە ڕەت دەبێ
بە دەستی دڵداری خۆی دەگا!