بۆسەی ڕۆژگار

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 1 خولەک  4887 بینین
نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێکەسیدا غەم نەبێ
چاکە ئەو لێرەش وەفای هەر ماوە، سایەی کەم نەبێ
لاپەڕەی ژینم هەموو هەڵدەیتەوە تێیدا نییە
باسی فرمێسک و هەناسە و شیوەن و ماتەم نەبێ
ڕۆژگاری سپڵە بۆ من بۆسەیەکی نایەوە
نەمدی هەر تیرێکی دەیهاوێ بەرەو سینەم نەبێ
ڕەنجی دووریی دڵبەرم بۆ کوشتنی من کافییە
گەر لە دنیادا ئەمن هیچ مەینەتی دیکەم نەبێ
کوا دەزانێ چەند پەرێشان و پەشێوە حاڵی من؟
ئەو کەسەی گیرۆدەی ئەگریجە و پەرچەم نەبێ
ڕەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا
کوا ئەوینداری وەفاداری وەکوو من، مەم نەبێ؟
کیژی شاریمان لەخۆی وەرگرتووە چارشێوی ڕەش
داخەکەم نەمدی لەوێ مانگێکی دەورەی تەم نەبێ
شادی جارێکی بەمیوانی نەهاتۆتە دڵم
ڕەنگە خەڵوەتخانەی خەم شوێنی نامەحرەم نەبێ
خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لەڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ شەم نەبێ