چاوی گورگ

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  717 بینین
کە خۆم ناسی
دنیا شەو بوو
شەوێکی چڕ، تاریک... تاریک!
تیشکێکی دوور
لە ئەوپەڕی ئاسۆی دووری ژیانمەوە
وەکوو مەشخەڵ داگیرسابوو
بەڵام ڕێگا
پڕ لە کۆسپ و کەندەڵان بوو
ئاستەنگێکی دوور و باریک!
تیشکی هیوا گرشەی ئەهات
بۆ لای خۆی بانگی ئەکردم
ڕایدەکێشام
هێزی ئەدا بە هەنگاوم
بیر و ئەندێشەی ئەبردم!
ساڵەهای ساڵ
بە قەد ساڵەکانی عومرم
ڕێگام بڕی
گۆچانی ئاسنم شکاند
سەد پێڵاوی پۆڵام دڕی
هەر هەنگاوێ، زامێکی قووڵ
ڕێگا هەموو ژان و بڕک بوو
هێزی هیوا بەرەو ئامانجی ئەبردم
گەیشتم و دڵ پڕ لەحەز، ئاوات، تاسە
لە خوێن گەوزاو
ماندوو، بێ هێز
ئەژنۆ شکاو
ئامێزم بۆ تیشک کردەوە
بەڵام ئەفسووس، ئەفسووس، ئەفسووس
ئەو مەشخەڵە چاوی گورگ بوو!