ئاخ باران

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  904 بینین
چەندی ماوە؟
تا پەڵەی ئەم ڕۆحە دیلە قاقڕەم، چەن وەرز
هەوری چەن پاییزی خوێناوی؟
ئەم کەویرە تاکوو ئاسمان...
هێندە دوورە، دەستی باران
ناگەیێتە ناخی خنکاوی!
ئەم گوڵە نیلووپەڕەی ژاکاوی دەستی لم
تا کەمەرچینی ئەسیری زبڵ و زاڵی پیسی زەلکاوە!
هەوڵ ئەدا خۆی هەڵکشێت و
لەم سنوورە تەمتومانە تێپەڕێ تا ئەوپەڕی گەردوون!
دەست و باڵی هەڵبڕیوە، ڕوو بە تیشکی ڕۆژ
ڕیشە تا ناخی قوڕ و لیتە
چەن هەزار ئاواتی سەوزی لەم سیا ئەستێرە خنکاوە!
ئاخ باران!
کەی دەبێتە لێزمەبارانێ
چی کەلاکی بۆگەنیوی خاکپەروەر
لەم زەوینە ڕۆح کوژەی بەدناوە ڕاماڵێ
هەر دڕوو دەڕوێ
خێڵی گوڵ کەوتوونە بەر شەللاخی باهۆز و
هەرچی شیناوەردە، ژاکاوە
خاک لانەی مار و دووپشکە
ئاسمانیش قۆرخی داڵە
ئاخ باران!
کەی دەبێتە لێزمەبارانێ
گیانی تازە خاتە بەر ئەم ژینە گنخاوە