زیندانی

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  610 بینین
لە نێو ژوورە تاکەکەسییە تەنگەکەمدا
هەڵکورماوم!
کارەساتێ بەڕێوەیە.
لەو دیو دیوار
وەردیانەکەم ڕاوستاوە
دەلاقەیەکی بچکۆڵە
لەسەر سینگی دەرکەکەیە و داخراوە!
کۆترە باریکەی خەیاڵم
تامەزرۆیە هەڵفڕێت تا،
ئاسمانی کاکی بە کاکی!
وەردیانەکەم...
جار بە جارێ
دەلاقەکە دەکاتەوە و
لێم دەڕوانێ
ئەو تاریکی دەبینێت و من ڕووناکی!