خەون ئەبینم، یان بێدارم

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 2 خولەک  615 بینین
شڵێوەی ئەکرد
بەفر و باران، تۆف و کڕێوە
ڕێگەی ماڵیان لێ ون کردم
لە ناو گێژی بۆرانێکی سیاساڵا چەواشە بووم
تۆفان پاڵی پێوە ئەنام
خۆم نازانم بۆ کوێ ئەچووم!
دنیا تاریک و نووتەک بوو
ڕێم ئەکرد و وەرز ئەگۆڕا
نە چاوی ڕۆحم دەیبینی
نە چاوی دڵ...
بە ناو چقڵا ئەڕۆیشتم
هەموو جەستەم بریندار بوو
لە دەست و پێم خوێن ئەچۆڕا
دەڵێی دەستێک ڕایدەکێشام
بە خۆم نەبوو... بێ دەست و پێ
بە شوێن چارەنووسا ئەکشام!
هاوارێکی پڕ لە نفرەت
وەک زریکەی ڕۆحێک لە پڕ:
هەڵدێر، هەڵدێر!
پێڵوەکانم لێک ترازان
لە تروپکی ئازارێکدا ڕاوەستا بووم
ڕۆحم ڕەش، ڕەش هەڵگەڕا بوو
دڵ نوقمی خوێن
هەردوو چاوم وەک دوو گۆمی لیخن وابوو
بێڕەنگ، بێڕەنگ
لە ناو جەرگەی تەم و مژێکی خەستا بووم!
ئێرە کوێیە؟!
لە خۆم پرسی!
من چۆن لێرە گیرسامەوە؟
کوانێ ئەسپ و قەڵەمەکەم؟!
من خۆ بەرەو پەڕپەڕووچکەی ئاسمان ئەچووم؟
بە وشەی تیشک
قسەم لە گەڵ شەوا ئەکرد
دژی زریان و شەختە بووم
سینگم پڕ بوو لە برووسکە
ڕۆحم وەک ڕۆژ لە ناو دەروونما ئەدرەوشا
قەڵەمەکەم، بە تیشک، بە ئاگر پڕ ئەکرد!
نامەی دڵدارانم پێ بوو
بۆ خوا، بۆ ئاسمان، بۆ سروشت
بۆ بارەگای عەشقم ئەبرد!
ئێرە کوێیە؟!
کەی گەیشتمە ئەم هەڵدێرە؟!
چۆن بوو سەرم شۆڕ ببوەوە بەرەو بنار؟
خۆ من باڵام بە قەد باڵای کوێستان بەرز بوو
چۆن ئەم گێژ و ئەم زریانە هەڵیگرم؟
خۆ من گۆمی شەوەزەنگم ئەشڵەقان بە بەردی هاوار!
خەون ئەبینم یان بێدارم
ئەم زەلکاوە کەی مەبەست و ئامانجم بوو
من دڵۆپی خوێنی گەشی زامی سینگی نیشتمان بووم
بەرەو دەریا ئەچوو ڕۆحی وەک ڕووبارم
ئێرە کوێیە؟
خەون ئەبینم یان بێدارم؟