دوایین نامە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  770 بینین
نامەکەتم کردەوە
چاوەڕوان بووم وەک جاران
بملاوێنێ وشەی جوان
چاوەڕوان بووم
شانەی هەنگوین هەڵمژم!
دەستی وشەی سەوزی ئەوین شانە کا
وەرزی ڕەش و سارد و شێواوی قژم!
وشەی یەکەم
سڵاو، بەڵام سارد و سڕ
نێوئاخنی نامە، سەهۆڵ وەک شەختە!
چۆن نەمردم؟ نازانم ڕەنگە ڕاست بێ
نەزیلەی کۆن، دەڵێن عاشق گیان سەختە!
دێڕی دوایی، هێڵی گاسنی خەم بوو...
گوڵجاڕی دڵ بوو بە کێڵگەی جودایی
بڕۆ بڕۆ خودات لەگەڵ بێ بەڵام
دڵی عاشق ناسکە زوو دەپڕووکێ
لە بەرامبەر تەوژمی ماڵئاوایی!