لەخۆدوانی شاعیر
ئەمن ناسری ئاغابرا کوڕی ئەحمەد و ڕابیعە لە بیستی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٧ی کۆچیی هەتاوی، لە ئاوایی بەردەڕەشانشوێن سەر بە شاری مەهاباد لە بنەماڵێکی وەرزێردا لەدایک بووم. تا تەمەنی سێ ساڵی ژیانێکی ئاساییم هەبوو، بەڵام لە تەمەنی سێ ساڵیدا وەک هەموو منداڵانی ئەو مەڵبەندە تووشی نەخۆشیی سوورێژە (سرخکفارسی) بووم.
برایەکی گەورەتر لە خۆشم ئەو نەخۆشییەی گرتبوو، ئەو عومری دا بە خوێنەران و دایک و باب و کەسوکاری من بە سەرەخۆشی براکەمەوە سەرقاڵ بوون و منیان لەبیر چۆوە، کە ئەو نەخۆشییەم بە چاو گرتبوو، کاتێک پێیان زانی کە سەد مەخابن زۆر درەنگ ببوو. دوکتور بە تووڕەیییەوە بە دایک و بابمی گوتبوو: «کەمتەرخەمی و بێ موبالاتی ئێوە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەو منداڵە بێگوناهە چاوەکانی لەدەس بچن.»
بەڵێ لەمەودوا ژیانی تازە و ناخۆشی من لە دونیایەکی تاریک و بێ دەرەتاندا دەستی پێ کرد. پەژارە و هیوابڕاوی باڵی بەسەر ماڵی ئێمە کێشابوو. شەو و ڕۆژەکانی تەمەن یەک لەدوای یەک هاتن و ڕۆیشتن، من خووم بە دنیای تاریکەوە گرت، بەڵام ڕووناکاییم لەبیر نەبردەوە. بەڵکوو ئەوم بە وڵاتێک دەزانی و پێم وابوو بەجێم هێشتووە.
کاتێ تەمەنم بوو بە حەوت ساڵ، هەم بۆ من و هەم بۆ دایک و بابم، جورێک نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بەدی هاتبوو، بابم و هێندێک کەس دەیانگوت: «دەبێ بچیە لای پێشنوێژی ئاوایی بۆ قورئانخوێندن»، بەڵام من کە نەمدەویست لە هاواڵەکانم جوێ ببمەوە، پێم وابوو دەبێ بچمە قوتابخانەی ئاوایی بۆ دەرسخوێندن.
پێشتر لە چەن کەسی خوێندەوار بیستبووم کە ڕووناکدڵان دەتوانن لە قوتابخانە دەرس بخوێنن و بە پلەی باش بگەن.
باوەڕی من لەگەڵ باوەڕی بنەماڵەکەم یەکتری نەدەگرتەوە. کێشە لەنێوان من و ئەوان دەستی پێ کرد، و چەن ڕۆژی خایاند تا لە دواییدا، توانیم مامۆستای قوتابخانە بەرمە ماڵە خۆمان و لەگەڵ بابم قسە بکا و قانعی بکا.
دوای وتووێژی بابم و مامۆستا، من لە قوتابخانە نێونووسیم کرد و بە شادییەوە و لە هەل و مەرجێکی ڕوحی زۆر باشدا، هەموو ڕۆژێ دەچوومەوە قوتابخانە.
سەروو نەئێشێنم بەو شێوەیە تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی دەرسم خوێند. پێویستە کە بڵێم، من لە پۆلی چوارەمی سەرەتایییەوە دەستم بە شیعرکوتن کرد بە زبانی فارسی.
و لە زۆر کێبەرکێی شیعر و وتارنووسیدا کە لەلایەن دایرەی فێرکردن و بارهێنانی شاری مەهاباد بەڕێوە دەچوو بەشداریم دەکرد و ئەگەر پلەی هەوەڵ نەبام، حەتمەن دووهەم بووم. لەو ڕێگایەوە خەڵاتگەلێکی زۆرم وەدەست هێنا. چاکم لەبیرە گەورەترین کێبەرکێیەک کە من بەشداریم تێدا کرد و لە سەتحی ئێراندا بەڕێوە چوو، ئەو دەمە بوو کە من پۆلی هەوەڵی (متوسطهفارسی) لقی علوومی ئینسانی لە شاری مەهاباد و لە دەبیرستانێکی ئاساییدا دەرسم دەخوێند، کێبەرکێیەکی شیعرنووسین بوو کە لەنێو قوتابخانەکانی ئێراندا بەڕێوە چوو و من خەڵاتی هەوەڵی ئەو کێبەرکێیەم لە دوکتور مەجیدی حەددادی عادڵ وەرگرت کە ئەودەم وەزیری فێرکردن و بارهێنان بوو. بەڵێ جا لە باسی ژیاننامەکە دوور نەکەوم کە عەرزم دەکردن دوای تەواوکردنی دەورەی سەرەتاییم بۆ درێژەی خوێندن هاتمە شاری مەهاباد، لەسەر ڕێککەوتنی دایرەی فێرکردن و بارهێنانی مەهاباد و فێرکردن و بارهێنانی گشتی وڵات تەما گیرا کە من لە یەکێ لە قوتابخانەکانی ئاسایی ئەو شارەدا نێونووسی بکەم و لە دەرسی مامۆستایانی ئەو مەدرەسەیە کەڵک وەربگرم، بەڵام مامۆستایەکی تایبەتیشم هەبێ، بۆ دەرسەکانی ڕیازی و عەرەبی و ئینگلیزی. و ئەو سێ دەرسەم بە خەتی نابینایان واتە خەتی بریل بخوێنم. بەم جۆرە هەموو ساڵێ و بێ دواکەوتن پلەکانی خوێندنم تێ پەڕاند و لە ساڵی ١٣٧٠ی کۆچیی هەتاویدا لە لقی ئابووری کۆمەڵایەتی واتە (اقتصاد اجتماعیفارسی) دیپڵۆمم وەرگرت. بۆ زانستگای میللی وڵات دەر نەچووم بەڵام ساڵی دوایی لە تاقیکاری زانستگای ئازادی ئیسلامیدا بۆ لقی حوقوقی قەزایی لە شاری ڕەفسەنجان دەرچووم، بەڵام نەبوونی توانایی ماڵی و نەگونجانی ژیانی بەتەنێ بۆ من لە شارێکی غەریب، بوو بەهۆی ئەوەی کە بە قەولی دانیشجوویان، ئینسرافم لێدا.
هەر ئەوەندە کە توانیبووم بە ماڵێ بسەلمێنم کە منیش وەکوو کوڕی خەڵک بۆ زانستگا دەرچووم و نێوم لە ڕۆژنامەدا هاتەوە بۆ من هەموو شتێک بوو.
ماوەیەک دواتر لەگەڵ کچی ماڵێکی ئاشنا لە شاری شنۆ زەماوەندم کرد، بەرهەمی ئەو زەماوەندە کچێکی یازدە مانگانەیە کە هەر دووک لا، ئۆگرێکی زۆرمان پێ هەیە و نێویشمان ناوە ڕێزان واتە شارەزا. ئێستا من ماڵێکم لە بەردەڕەشانە و ماڵێکم لە مەهابادە. و لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد کار دەکەم و چیرۆک بۆ ڕادیۆ و تەنز و شانۆ بۆ تلویزیۆن دەنووسم، بۆ نووسینیش سەفیەی خێزانم یارمەتیم دەدا کە تا پۆلی دووهەمی (متوسطهفارسی) دەرسی خوێندووە. بە پێویستی دەزانم کە سپاسێکی زۆر لە دۆستی بەڕێزم کاک سیامەندی بەختازەر بکەم کە شیعرەکانی لە من وەرگرت و هێنایە سەر کاغەز، دەنا بۆخۆمان ئەو ماوەیەمان نەبوو.