بیرەوەرییە زێڕینەکان

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 2 خولەک  535 بینین
ئاخ چی لێ هات
ئەو ڕۆژانەی ژیان بە دڵی هەموومان بوو
ئاخ چی لێ هات
ئەو ڕۆژانەی هەر چی دڵ بوو شادمان بوو
هەرچی گوڵ بوو، بێ خەزان بوو
گوێ بگرە با بۆت نەقڵ کەم
ئەو ساڵەی چوار وەرزە فەسڵی گوڵان بوو
 
زستانانە...
هەر چی کیژ بوو لە کانی بوو
هەر چی کوڕ بوو، لە سەربان بوو
بەهارانە...
هەر چی کوڕ بوو لە کێوان بوو
هەر چی کچ بوو
یا لەگەڵ پۆلی بێریان بوو
یا لە مەندی و کەنگران و سەیران بوو
 
هاوینانە...
هەر چی کوڕ بوو لە مەیدانی تێکۆشان بوو
هەر چی کچ بوو لە هەوار و لە کوێستان بوو
پاییزانەش...
 
هەموو لێک کۆ دەبووینەوە
هەر بە ڕۆژ مارەکردن بوو
شەوانە خەنەبەندان بوو
نیوەشەوان، ئەوەی پیر بوو دە جێدا بوو
ئەوەی لاو بوو لە جێژوان بوو
ئاخ چەن خۆش بوو
ئەو شەوانەی لە ماڵێک شاییلۆغان بوو
ئەوەی پیر بوو لە دیوەخان، تامەزرۆی بەیت و حەیران بوو
ئەوەی لاو بوو لە کۆڵانێ
بە تاسەی چۆپیکێشان بوو
لە لایەکی بەڵێنی و قەول و پەیمان بوو
لە لایەک سرت و خورت و یادگاردان بوو
کەس نییە وەکوو خۆم بزانێ
ئەودەم ژیان چەندە جوان بوو
 
بەڵام ئێستا...
لاپەڕی ژین وەرگەڕاوە
هەر چی یاری وەفادار و ئەهلی دڵە، هەڵبڕاوە
 
بەڵێ ئێستا...
تەنیا من و
دیوێکی پڕ لە دوکەڵی جگەران و
کۆنەخەمێکی گران و
قەڵەمێک و کاغەزێک، شەمێکی نیوە سووتاو
شیعرێکی هەڵنەبەستراو
هەزار تاسە و هەزار ئاواتی خنکاو و
هەزار بەستەی نەبێژراو و
دڵێکی ئاگرین و دانەمرکاو و
یەک پەنجەرە کە دەڕوانێتە گۆڕستانی ئاوایی
 
کەچی دیسان هیوادارم
لەنێو بەفر و بەستەڵەکی هەر دوو چڵان، من چاوەڕوانی بەهارم
من دەزانم پێکۆڵە و دڕوو، خونچەیان لەنێو نەبردووە
دڵم ڕوونە، من دەزانم، گوڵ نەمردووە
جارێ زووە، بەهاری عاشقانەی من ڕانەبردووە
پیربوونی چی؟ ئەوە تازە خۆم لە دونیایە هەڵ کردووە